ناوەڕۆكی كۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچونەوەی بودجەی گشتی عێراق بە ئامادەبونی وەفدی هەرێم
  2024-05-15       346       

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بە خشتەكانی بودجەدا لە بەغدا كە بە ئامادەبونی وەفدی هەرێم بەڕێوەچو، "هەردولا هاوڕا بون لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان."

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی 15ی ئایاری 2024، بەئامادەبونی شاندی هەریمی کوردستان کۆبونەوەی لیژنەی باڵای پێداچونەوە بە خشتەکانی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024 لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەسەرپەرشتی د. محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان و وەزیری نەوت و وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزیری کارەباو تیمی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بەڕێوەچو."

بەپێی راگەیەندراوەكە "لە کۆبونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و پرسی نەوت و ڕێکارەکانی گواستنەوەو ئاڵوگۆڕکردنی تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کورستان لەناو خشتەکانی یاسای گشتی بودجەی ساڵی 2024 گفتوگۆی لەبارەوە کرا."

وەزارەتی دارایی هەرێم وتوشیەتی"کۆبونەوەکە لە کەشێکی دۆستانەو بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچو لە هەردولاوە تێگەیشتنی هاوبەش و ئیجابی هەبو بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی لەیاسای بودجەی ساڵی ڕابردو دروست بو بو، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارە خشتەکانی یاسای بودجە بەجۆرێک هەموار بکرێنەوە کە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە یاساکە پارێزراو بێت."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا هەردولا هاوڕا بون لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسای ئیدارەدانی دارایی و یاسای بودجەی گشتی عێراق."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×