ئێران دەڵێت: كەشتییە ئازادكراوەكەیان گەیشتۆتە شوێنی خۆی و نەوتەكەشی فرۆشتوە
  2019-09-08       878       

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ یەكشەممە، رایگەیاند، ئەو كەشتییە نەوتهەڵگرەی وڵاتەكەی كە لەناوەڕاستی مانگی رابردو لەلایەن دەسەڵاتدارانی جەبەل تاریق-ەوە ئازاكرا، گەیشتۆتە شوێنی مەبەستی خۆی و ئەو نەوتەشی كە هەڵیگرتبو فرۆشراوە. 

ئاوێنە: عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكدا رایگەیاند، ئەدریان داریا، كەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی، دوای ئەوەی لەناوەڕاستی مانگی رابردودا لەلایەن دەسەڵاتدارانی جەبەل تاریق-ەوە ئازادكرا، گەیشتۆتە شوێنی مەبەستی خۆی و نەوتەكەشی فرۆشتوە. 

عەباس موسەوی لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران وتی"ئێمە شوێنی مەبەستی كەشتییەكە دیاری دەكەین، كەشتییەكە گەیشتۆتە شوێنی مەبەستی خۆی و نەتەكەشی فرۆشتوەو ئیستا لە دەریادایە."

ئەوەشی خستەڕو كە رێكارە یاساییەكان بەرامبەر بەو كەشتییە بەریتانییەی كە لەلایەن وڵاتەكەیەوە دەستی بەسەردا گیراوە، گەیشتونەتە قۆناغەكانی كۆتایی.

رۆژی 4ی تەمموزی ئەمساڵ، دەسەڵاتدارانی جەبەل تاریق، دەستیان بەسەر كەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی "گرەیس1"دا گرت كە ئێستا ناوەكەی كراوە بە (ئەدریان داریا)، ئەوەش بە تۆمەتی گواستنەوەی نەوت بۆ سوریا و پێشێلكردنی سزاكانی یەكێتی ئەوروپا لەسەر دیمەشق، بەڵام رۆژی 15ی مانگی رابردو كەشتییەكە دەسەڵاتدارانی جەبەل تاریق بڕیاری ئازادكردنی كەشتییەكەیان دا.
 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×