سی پی تی ئەمریكی: تورکیا هێرشەکانی بۆ ناو قوڵایی هەرێمی کوردستان چڕتر كردۆتەوە
  2024-07-11       495       

ئەندامێکی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت، تورکیا شەڕی لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ نێو گوندەکان گواستوەتەوەو لە هەندێک ناوچە 8 کیلۆمەتری تر هاتوەتە نێو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

ئاوێنە: کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تورکیا شەڕی لە ناوچە شاخاوییەکانەوە بۆ ناو گوندە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان گواستوەتەوە. لە ئێستادا بەشێکی کەمی چیای مەتین ماوە لەلایەن سوپای تورکیاوە کۆنترۆڵ بکرێت، پلانی داهاتوی تورکیا کۆنترۆڵکردنی چیای گارەیە، گەر لەلایەن پەکەکەوە ڕێگری لێنەکرێت."

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، تورکیا لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەوە كە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوەوە دەستیپێكردوە، 238 بۆردومان و هێرشی ئەنجامداوەو زۆربەی هێرشەکان کراونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک.

کامەران عوسمان وتوشیەتی"تورکیا لە ناوچەی کانی ماسی لە بەرواری باڵا 15 کیلۆمەتر هاتوەتە ناو خاکی هەرێم، پێشتر 7 کیلۆمەتر هاتبو، بەڵام لەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا 8 کیلۆمەتری تریش پێشڕەوی کردوە. تورکیا هێزی بردوەتە سەرگەلێ کە شەش کیلۆمەترو نیو لە قەزای ئامێدییەوە دورەو لەناوچەکانی پشتەوەی ئامێدیش 3 کیلۆمەتر هاتوەتە پێش."

ئەوەشی خستۆتەڕو"تورکیا بە فڕۆکە سەرباز دادەبەزێنێت بۆ ناوچەکانی ئامێدی و لە ناوچەی بامەڕنێشەوە سەرباز بۆ ناوچەکانی تر دەگوێزێتەوە. تا ئێستا دو گوند بەتەواوەتی چۆڵکراون و 8 گوندی تریش نزیکن لە چۆڵبون."

ڕۆژی 22 ی مانگی چواری 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی عێراقی کردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەبوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆ کرد.

سەرچاوەیەکی سیاسی نزیک لە حکومەتی عێراق کە نەیویستوە ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە"هێرشەکانی تورکیا بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق ئەنجام دەدرێن و بەشێکن لەو ڕێککەوتنە هەمەلایەنەی لەکاتی سەردانەکەی ئەردۆغاندا بۆ عێراق واژۆ کرا."

سەرچاوەکە وتوشیەتی"پێچەوانەی حکومەتی عێراق، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق نیگەرانە."

محەمەد شەمەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هێرشەکانی تورکیای بە داگیرکاری وەسفکردوەو ڕایگەیاندوە،"لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارو پێشنیاری خۆی دەبێت لەبارەی هاتنە ناوەوەی مەترسیداری لەشکری تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق."

هەرچەندە پاساوی تورکیا بۆ ئەنجامدانی لەشکرکێشییە نوێیەکەی چەکدارانی پەکەکەیە، بەڵام چاودێران پێیانوایە تورکیا دەیەوێت بەتەواوەتی بێتە نێو قوڵایی هەرێمی کوردستانەوە و هێزی زیاتر جێگیربکات.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشوتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە تورکیا هێرشەکانی بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستپێکردوەو پێناچێت هەرێمی کوردستانیش لاری هەبێت.

دکتۆر مەحمود عوسمان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە"عێراق و تورکیا لیژنەی باڵای هاوبەشیان هەیە، ڕەنگە تورکیا بیەوێت بەردەوام بێت لە هێرشەکانی تا ئەوکاتەی لەلایەن عێراقەوە داوای ڕاگرتنی لێدەکرێت."

لەکاتێکدا هێرشەکانی تورکیا نیگەرانی و ناڕەزایەتی زۆریان لەناو هەرێم و بەتایبەت ناوچە سنورییەکان دروستکردوە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هۆکاری لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەخەنە ئەستۆی چەکدارانی پەکەکە، گوایە پەكەكە بیانوی داوەتە دەست دەوڵەتی تورکیا بۆ هێرشەكانی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×