قائیمقامیەتی سلێمانی: ئەم برنجانە بۆ خواردن گونجاو نین
  2019-09-15       2509       

بەهۆی بەسەرچوونی ماوەكەی و خراپ عەمباركردنیەوە، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بڕێكی زۆر برنج لەناودەبەن و پسپۆڕێكی خۆراكیش هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان لەبرنجی خراپبوو.

ئاوێنه‌: لەئەنجامی سەردانی لیژنە‌هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ دوكان و بازاڕو شوێنەگشتیەكان و پشكنینی ئەوكاڵاوشمەكانەی لەلایەن بازرگان و دوكاندارەكانەوە بەهاووڵاتیان دەفرۆشرێت، دەركەوتووە بڕێك برنج بەهۆی خراپ عەمباركردنیەوە ئەسپێی هەڵهێناوەو بەشێكی تریان، بەهۆی بەسەرچوونی ماوەكەیانەوە لەچەند ماركێت و دوكانێك دەستیان بەسەردا گیراوە.

بڕی برنجە دەستبەسەردا گیراوەكان لە 750 كیلۆگرام زیاترەو لەجۆرەكانی (السلگان، مەرجان، دۆلفین، فاخرو تایلەند) ‌یە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان لەناودەبرێت و خاوەنەكانیشیان رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.

لەشكر حەمید پسپۆڕی بواری‌ زانستی خۆراك دەربارەی ئەو خۆراكە ماددانەی كە خراپ دەبن یاخود ماوەكەی بەسەردەچێت وتی: ئەو خۆراكانەی بەهۆی‌ خراپ عەمباركردن و بەرزی پلەی گەرمی شوێنەكەوە خراپ دەبن بەها خۆراكیەكەیان لەدەست دەدەن و شیاوی خواردن نامێنن و پێویستە لەناو ببرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەكۆگاكانی عەمباركردن یەكێكە، لەهۆكارە سەرەكیەكان بۆ خراپبوونی خواردەمەنیەكان پێش ئەوەی ئەوماوەی كەبۆی دیاریكراوە‌ بەسەر بچێت، لەخواردەمەنیە وشكەكاندا دەبێتە هۆی دروستبوونی مێروو كە زیان بەتەندروستی ئەو كەسە دەگەیەنێت ئەوجۆرە خواردەمەنیە خراپبووە‌ دەخوات.

پسپۆڕی بواری‌ زانستی خۆراك، داوا لەهاووڵاتیان دەكات لەكاتی كڕین و بازاڕكردندا بەوریاییەكی زیاترەوە‌ ئاگاداری ئەو خۆراكانەبن دەیخۆن، دڵنیابنەوە لەبەرواری دروستكردن وبەسەرچوونی‌ هەروەها بەهۆی بەرزی پلەی گەرما لە‌كۆگاكان خۆراكەوشكەكان مێروو تێی نەداون پاشان‌ بیكڕن و بەكاریبێنن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×