2019-09-21   2455     
سەڵاحەدین دەمریتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە ماوەی ٤ ساڵە لە زینداندایە، لە دوا هەڵوێستیدا سەبارەت بە دووبارە بڕیاری دەستگیرکردنەوە ڕایدەگەیەنێت، هیچ گرنگ نییە بەلایەوە و بەهیچ جۆرێکیش داوای ئازادکردن ناکات، ئهو دەڵێت: ''دڵنیایە ڕۆژێک دادێت ئەو کەسانەی ئێستا دادگایی دەکەن، دەبێت ڕونکردنەوەیان لەسەر ئەو کارانە بدەن''.
ئاوێنه: دەمیرتاش لەمیانی دانیشتنی دادگایدا و لەکاتێکدا چاوەڕێ دەکرا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەربچێت دووپاتیکردەوە کە ئەو بارمتەیەکی سیاسییە و هەروەها پێداگریکرد کە وەک رابردوو ئەو خۆی بەهیچ جۆرێک داوای ئازادکرن ناکات. وتیشی: ''من ئەگەر داوای ئازادبوون بکەم، ئەو داوایە لە خەڵک دەکەم''.
دەمیرتاش لە قسەکانیدا ئاماژهی بهوهشدا ''بەدڵنیاییەوە بەمزووانە ئەوکەسانەی ئەم سزایانە دەدەن، لە تورکیایەکی دیموکراتدا، لەبەردەم دادوەرانێکی ئازاد و سەربەخۆدا دەبێت ڕونکردنەوە بدەن. منیش بە دڵیاییەوە ئەو ڕۆژە لە ڕیزی قسەکەراندا دەبم و هەمووشتیک، ناو بە ناو، بەپێی بەروار ڕووندەکەمەوە. من ئێستا لە زینداندام، ١٧٠٠کیلۆمەتر لە هاوژین و کچەکانم دوورم. بەڵام ئەگەر لەسەر مەریخیش زیندانم بۆ دروستکەن، من هەر ڕوحم لە سندوقی هەڵبژاردنی داهاتوودا دێتە دەرەوە''.
دەمیرتاش سەبارەت بە نێوانی خۆی و هاوزیندانەکەشی کە ناوی عەبدوڵا زەیدانە و ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپەیە، وتی: ''هەر بڕیارێک بدەن بیدەن، ئەوە جەوی خواردن لەگەڵ هاوڕێکەمدا لێ تێکنادات. من خۆم لە زینداندام، بەڵام لەسەر حەقم و بێتاوانم، چاوەری ئەو ڕۆژە دەکەم کە دادپەروەری تێذا دەچەسپێت, ئەگەر ڕۆژێکیش داوای ئازادبوون بکەم، داوا لە خەڵک دەکەم و دڵنیاشم کە ئەوان بڕیاری ئازادکردنی من و هەزرانی وەک من دەدەن''.