حەسەن نەسروڵا: لەسەر كوژرانی فواد شوكر، وەڵامی توندمان بۆ ئیسرائیل دەبێت
  2024-08-01       655       

حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی رایگەیاند، وەڵامی توندیان بۆ ئیسرائیل دەبێت لەبەرامبەر هێرشەكەی چەند رۆژی رابردوی ئەو وڵاتە بۆ سەر بەیروت و كوشتنی فواد شوكر، فەرماندەی باڵای حزبەكە.

ئاوێنە: حەسەن نەسروڵا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی فواد شوكر، فەرماندەی سەربازیی حزبەكەیدا راشیگەیاند، "بەرەی مقاوەمە" هیچ بژاردەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نییە جگە لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و وتیشی"پێویستە دوژمن چاوەڕێی وەڵامی توند بێت" لەبەرامبەر كوشتنی فواد شوكر.

وتیشی"ئێمە بەدوای وەڵامدانەوەیەكی راستەقینەدا دەگەڕێین نەك وەڵامدانەوەیەكی روكەش كە وەڵامدانەوەیەكی تەواو دیراسەكراو دەبێت."

ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی وتیشی"ئیسرائیلییەكان نازانن چ هێڵێكی سورییان بەزاندوە...ئێمە لەهەمو بەرەكانی پاڵپشتییەوە چوینەتە نێو جەنگێكی نوێوە كە جیاوازە لە قۆناغەكانی رابردو" كە فراوانبونی جەنگەكەش وەستاوەتە سەر رەفتاری ئیسرائیل.

ئاماژەی بەوەشدا "شەڕێكی گەورەتری كراوە لە ئارادایە كە گۆڕەپانەكەی غەزەو باشوری لوبنان و یەمەن و عێراق و ئێرانە."

جەختیشی كردەوە كە "هیچ چارەسەرێك نییە جگە لەوەی كە دەستدرێژییەكان بۆ سەر غەززە رابگیرێن."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئاستێكی زۆر بەرزی ئامادەییدان بۆ هەر سیناریۆیەك، ئیدی "بەرگری بێت یان هێرش."

دو رۆژ لەمەوبەر سوپای ئیسرائیل كوشتنی فواد شوكر، فەرماندەی سەربازیی حزبوڵای لەمیانی بۆردومانێكدا بۆ سەر باشوری لوبنان راگەیاند.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×