لێدوانی نوێی نوێنەری حكومەتی هەرێم لەبەغدا لەبارەی ناردنی موچە
  2024-08-10       708       

فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، لە لێدوانێكی نوێدا جەخت دەكاتەوە كە "هیچ كێشەیەك نییە" بۆ خەرجكردنی موچەی مانگی 7ی موچەخۆرانی هەرێم و لە چەند رۆژی داهاتودا لەلایەن بەغداوە خەرج دەكرێت.

ئاوێنە: فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ئەمڕۆ شەممە، بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتوە"تاوەكو ئێستا هیچ كێشەیەك نییە بۆ خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، ناو و داتای موچەخۆران و لیستی موچە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دراوەتە وەزارەتی دارایی عێراق."

لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی خەرجكردنی موچەوە، فارس عیسا وتویەتی، "دواكەوتنەكە بەهۆی پڕۆسەی وردبینیكردنەوە بوە، خەرجكردنی موچە دواناكەوێت و لە چەند رۆژی داهاتودا خەرج دەكرێت."

رۆژی 7ی ئەم مانگە سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی موچەی مانگی حەوتی موچەخۆرانی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم بە بەغدا و ناردنی ناو و زانیاریی تەواوی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم بۆ یەکەم جار بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، پرۆسەی وردبینی لەو دو لیستە دیار نییە چەندی پێدەچێت.

دوێنێ هەینی، غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە دواكەوتنی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، وتی"دوای بەدواداچون و پەیوندیكردنمان لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی عێڕاق، عەلی عەلاق وتی: بەهیچ شێوەیەك لە بانكی ناوەندی كێشەی پارەی نەختینەمان نییە."

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی وتیشی"كەواتە، ئاڵۆزی لە لیستی موچەی نێردراو بۆ بەغداو تەوتین و چەند پرسێكی تر، هۆكاری بیانو دروستكردنی لایەنی عێراقییە لەمەڕ وابەستەنەبونی بە ناردنی موچە لەكاتی خۆیدا."


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×