ناوەڕۆكی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك
  2024-08-12       711       

مەکتەبی سیاسی یەکێتی پیرۆزبایی دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دەكات و دەشڵێت، "برا تورکمانەکان دڵنیادەکەینەوە هاوشێوەی پێکهاتەکانی تر؛ شوێنی گونجاو شایستەی خۆیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکوک" و داواش لە سەرجەم پارت و لایەنە بەشدابوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەكات لەئەمڕۆوە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلابنێن و پێکەوە بەشداربن لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک.

 

ئاوێنە: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان کۆبۆوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا "بەگرنگییەوە باس لە بەشداریکردنی هەمو پێکهاتەکان لە حکومەتی خۆجێیی و ئیدارەدانی کەرکوک کرایەوەو جەختیش لەوە کرایەوە کە برا تورکمانەکان دڵنیادەکەینەوە هاوشێوەی پێکهاتەکانی تر؛ شوێنی گونجاو شایستەی خۆیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکوک و یەکێتی داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانیانەو رازیش نابێت هیچ کەس و لایەنێک مافەکانیان زەوت بکات."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگهێشتی سەرجەم پارت و لایەنە بەشدابوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی کرد کە؛ لەئەمڕۆوە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلابنێن و با پێکەوە بەشدار بین لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک لەنێوان پێکهاتەکان و یەکێتی ئامادەی بەرپا کردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەیە."

 

دەقی راگەیەندراوەكەی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی:

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (2024/8/12) مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان کۆبۆوە، لە کۆبونەوەکەدا پیرۆزبایی دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی کورد بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بۆ کەرکوک کراو جەخت لە پابەندبون بە سیاسەت و رێبازی سەرۆک مام جەلال بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان سەرجەم پێکهاتە رەسەنەکانی ئەو شارە کرایەوە.

لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم سەرکەوتنە بەتەنیا هی یەکێتی و کورد نییە، بەڵکو دەستکەوتە بۆ هەمو کەرکوکییەکان بەسەرجەم پێکهاتەکانەوە، چونکە سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلالە کە بەردەوام داکۆکی لەمافی گشت پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکوک بە کوردو عەرەب و تورکمان و مەسیحییەوە کردوە.

هەر لەو بارەیەوە، بەگرنگییەوە باس لە بەشداریکردنی هەمو پێکهاتەکان لە حکومەتی خۆجێیی و ئیدارەدانی کەرکوک کرایەوەو جەختیش لەوە کرایەوە کە برا تورکمانەکان دڵنیادەکەینەوە هاوشێوەی پێکهاتەکانی تر؛ شوێنی گونجاو شایستەی خۆیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکوک و یەکێتی داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانیانەو رازیش نابێت هیچ کەس و لایەنێک مافەکانیان زەوت بکات.

لەلایەکی ترەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگهێشتی سەرجەم پارت و لایەنە بەشدابوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی کرد کە؛ لەئەمڕۆوە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلابنێن و با پێکەوە بەشدار بین لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک لەنێوان پێکهاتەکان و یەکێتی ئامادەی بەرپا کردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەیە.

لە کۆتاییدا مەکتەبی سیاسی هاوڕا بو لەسەر ئەوەی کە؛ هەرچەندە پارێزگای ئێستای کەرکوک بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن یەکێتییە، بەڵام پێویستە دور لەهەر ئینتمایەکی حزبی یان نەتەوەیی خزمەتی سەرجەم پێکهاتەکان بکات و کەرکوک تەنیا نەبێتە نمونەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان، بەڵکو بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانیش ببێتە نمونەیەکی جوان بۆ عێراق و ناوچەکە.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×