خالید شوانی، دانوستاندنکاری یەکێتی بۆ رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك رایگەیاند، ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگا لە پێکهاتەی عەرەبی کە بەشداری کۆبونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگارو جێگرەکەیان کردوە، روبەڕوی هەڵمەتێکی ناڕەوا بونەتەوە، دەشڵێت، رەوا نییە ئەوانەی بەشداری كۆبونەوەكەیان كرد بە "ناپاک" تۆمەتبار بكرێن.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، خالید شوانی، دانوستاندنکاری یەکێتی لە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک روونکردنەوەیەکی لەبارەی رێڕەوی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتەکە بڵاوکردەوە.
شەوی 10ی ئەم مانگە، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنەكەدا لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
خالید شوانی لە رونكردنەوەكەیدا وتویەتی"ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە پێکهاتەی عەرەبی کە بەشداری کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگارو جێگرەکەیان کردووە، رووبەڕووی هەڵمەتێکی ناڕەوا بونەتەوە لە ژێر دروشمی بەرگری لە مافی پێکهاتەکە، هەندێک کەسایەتی سیاسیی سەرۆکایەتی هەڵمەتەکە دەکەن، کە هیچ بەهایەکی مرۆیی و ئاکاریی نییە، کە برایانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە بە ناپاک ناودەبەن. لەکاتێکدا هەر ئەمانە لە چەند کەناڵ و کاتێکی جیاوازدا داوای دانوستاندن و رێککەوتنیان لەگەڵماندا کردووە بەتایبەتی دوای بێ هیوابوون لە پێکهێنانی هاوپەیمانیی زۆرینەی رەها".
خاليد شوانی بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی چەند نمویەکی هێناوەتەوەو وتویەتی"برا و دۆستم حاجی خالید مەفرەجی پەیوەندی پێوەکردم بە دیاریکراویش ئێوارەی چواری مانگی هەشت، دوای کۆبوونەوەکەیان لە هەولێر (مەبەست کۆبونەوەکەی مەسعود بارزانییە لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمان)، وەک هەمیشە دۆستانە بو، دوای پرسیارکردن لە دۆخی تەندروستیم، منیش بە گاڵتەوە پێموت تاوەکو پیلانگێڕییەکانت سەرکەوتوونەبێ، من باشم."
خالید شوانی وتوشیەتی"بە کورتی پەیامی فەرمی هاوپەیمانی سیادەی لە برا شێخ خەمیس خەنجەر پێڕاگەیاندم، بەوەی دەیانەوێت دەرگای دانوستاندنیان لەگەڵ بکەنەوە. منیش پێموت ئێمە رۆڵەی مام جەلالی-ین گفتوگۆ رەتناکەینەوە؛ بەڵام گفتوگۆمان لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەن هەیە لە پێکهاتەی عەرەبی و رێزی لێدەگرین، نابێت دوور لەوان گفتوگۆ لەگەڵ ئێوە بکەین".
خالید شوانی، کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیە وتویەتی"خالید مەفرجی ئامۆژگاری کردین کە دانوستاندن پێویستە لەگەڵ هاوپەیمانی سیادە بکرێت، کە چوار کورسی هەیە، نەک لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەن تاک بە تاک. پێیڕاگەیاندم مادام ئێوە رێککەوتنتان لەگەڵ ئەوانی دیکە هەیە، ئێمەش لەگەڵ ئێوە رێکدەکەوین، بۆ دڵنیابوون جارێکی دیکە لێم دووپاتکردەوە، کە ئەمە پەیامی فەرمییە، ئەویش دووپات و جەختی لەسەر کردەوە".
سەبارەت بە وەڵامی ئەوان بۆ داواکەی سیادە، خالید شوانی وتویەتی"پێم راگەیاند لەگەڵ سەرکردایەتی حیزب راوێژ دەکەین و لە پەیوەندیدا دەبین. بۆ بەڵگەکردن لەسەر ئەم پەیامە لە سەرکردایەتی یەکێتیی راوێژم کرد. هەروەها سەرکردەکانی دیکەی پێکهاتەی عەرەبییم لەسەر ئەم پەیامە ئاگادارکردەوە".
خالید شوانی، ئەوەشی خستۆتەڕو"پەیامێکی دیکە بە سەرکردایەتی حیزب گەیشت بە دیاریکراوی لە رێگەی برام ئاسۆ مامەند، ئەویش لە رێگەی ئەندامێکی بەڕێزی ئەنجوومەنی پارێزگا لە پێکهاتەی عەرەبی لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی کە بایکۆتی کۆبوونەوەیان کردبوو".
هەروەها "پەیامێکی دیکەش لە کەسایەتییەکی دیاری عەرەبی لە کەرکووک گەیشت، بەوەی راکان سەعید عەلی رازیییە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن وەربگرێ، هانی داین کە رێککەوتن لەگەڵ سیادە باشترە لەوەی رێککەوتن لەگەڵ ئەندامانی دیکە بە جیا بکرێ"
خالید شوانی پێیوایە: "رەوا نییە، ئەو برایانە ئەندامانی بەشداربووی کۆبوونەوە بە "ناپاک" تۆمەتبار دەکەن، ئەوەی بۆ ئەوان رەوایە بۆ ئەوانی دیکەش رەوایە. ئەم دۆخە و ئاراستەی هاوپەیمانی سیادە بۆ پەراوێزخستنی ئەوانی دیکە، وایکرد نوێنەرانی پێکهاتەی عەرەبی ئامادەی کۆبوونەوە بن".
بەوتەی شوانی، "رێککەوتنشیان تەنیا لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان کورت نەبووەتەوە، بەڵکو بە هەموو توانایەکەوە بەرگرییان لە مافی پێکهاتەی عەرەبی کردووە".