ئه‌مڕۆ پرسیارى نه‌ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌ته‌یف سامى ده‌كرێت
  2024-08-13       232       

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میواندارایی وەزیری دارایی فیدراڵی دەکات‌و ژمارەیەک بابەت تاووتوێدەکرێن؛ په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت:"لەنێو ئه‌و بابه‌تانه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایی باسیده‌كه‌ین موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یه‌كێكیانه‌".

ئیخڵاس دلێمی جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی‌و ئابووریی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكردوه‌، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەکەیان پێشوازیی لەهەریەکە لەتەیف سامى وەزیرى دارایی‌و حەیان عەبدولغەنى وەزیرى نەوت‌و محەممەد تەمیم وەزیرى پلاندانان‌و عەلى عەللاق پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق دەکات.

وتوشیه‌تى:"لەکۆبونەوەکەدا چەندین بابەت تاووتوێدەکرێن، لەنێویشیاندا، کێشەی پارەی نەختینە کە بەمدواییە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی دروست بوە، هەروەها دواکەوتنی ڕەوانەکردنی موچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش؛ تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە دەبێت.

زیاتر لەهەفتەیەکە حکومەتی عێراق، موچەی مانگی تەمموزی سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دابەشکردوە، بەڵام موچەی هەمان مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردوە؛ سەرەڕای ئەوەی چەند ڕۆژێکە وردبینی لەلیستی موچە تەواوبوە.

دوێنێ دوشەممەش مەسعود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەو گرفتێکی نییەو دەنێردرێت، ناردنی موچەکە لەمانگەکانی داھاتوو کێشەی نابێت".

هەروەها بریكارى وەزارەتی دارایی فیدراڵی داوای له‌وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حکومەتی ھەرێم کردبوو، "بەزوترینکات لیستی موچەی مانگی ھەشت، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات تاوەکو پرۆسەی وردبینی لەلیستی موچە زوو تەواو بکرێت".

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی؛ له‌هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن‌و 114 هەزارو 194 موچەخۆر هەیەو کۆی موچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.

بەگوێرەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم‌و فیدراڵیش، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆو 50%ى داهاتە خاڵە سنورییەکان ڕادەستى حکومەتى فیدڕاڵى بکات؛ لەبەرامبەردا بەغدا مانگانە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابیندەکات.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×