ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات –پەیەدە- ڕایدهگهیهنێت، ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان تورکیاو عێراق سەروەری عێراق پێشێل دەکاتو باشوری کوردستانیش دەخاتە مەترسییەوە. دهشڵێت، "ڕێككهوتنهكه گۆڕانکاریی دیمۆگرافی دروستدەکات، چونکە ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای لەناوبردنی کورد دارێژراوە."
ئاوێنه: لهچاوپێكهوتنێكدیا كه میدیاكانی نزیك پەیەدە بڵاویانكردۆتهوه، ساڵح موسلیم باس لهمەترسییەکانی ڕێکكەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و توركیا لەسەر ههرێمی کوردستان دهكاتو دهڵێت، ئەو ڕێککەوتنە ھاوشێوەی ڕێککەوتنی ئەدەنەیە کە لەساڵی 1998 لەنێوان تورکیاو سوریا ئیمزاکرا.
دەشڵێت، ئەو ڕێککەوتنە سەروەری عێراق بەتەواوی پیشێل دەکاتو شەرعییەت دەدات بەداگیرکاری تورکیاو باشوری کوردستانیش دەخاتە مەترسییەوە.
باسی لەوەشکردووە، ئەو ڕێكکەوتنە ئەمنییەی نێوان ئەنقەرەو بهغدا گۆڕانکاری دیمۆگرافی دروستدەکات، چونکە ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای لەناوبردنی کورد دارێژراوە.
وتوشیەتی، لەپرۆژەی گەورەی نوێی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، تورکیا ئامانجی لەناوبردنی ھەموو کوردەکانەو پێویستە دەستبەجێ گەل و لایەنەکانی کوردستان یەک ھەڵوێستیان ھەبێت و ئاگاداری ئەو پیلان و ڕێککەوتنانە بن.
رۆژی 15ی 8ی 2024، وەفدی باڵای ئەمنی عێراقو تورکیا لەئەنقەرە لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنە رێککەوتن کە لەلایەن سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێراقو یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا واژۆکرا.
بەپێی لێکتێگەیشتنەکە، ههردو وڵات ناوەندی هاوئاهەنگیی ئەمنی هاوبەش لەبەغدا دادەمەزرێنن، کە سەر بەفەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەبێتو بەهاوبەشی لەنێوان کۆماری عێراقو کۆماری تورکیا بەڕێوەدەبردرێت.
ئەرکی ناوەندە هاوبەشەکە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی مەیدانییە لەسەر سنوری هاوبەشی نێوانیانو گەیاندنی هەر زانیارییەکە، کە ڕەهەندی ئۆپەراسیۆنیو ستراتیژییەتی بۆ بارەگای باڵای هەردو لایەن هەبێت.