حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردو ئەنجومەنی ئابوریی حكومەتی عێراق و هەرێم جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستور کرایەوەو مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاند، پێویستە حکومەتی فیدراڵ وەک چۆن داکۆکی لە مافی هاوڵاتییانی بەسرە و بەغدا دەکات، بە هەمان شێوە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەی هەردو ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری و ئەنجومەنی ئابوریی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچو. حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستۆتەڕو.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا کە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی هەردولا ئامادەبون، گفتوگۆ لەبارەی چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرا و جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە دەستپێکی کۆبونەوەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر خواست و ویستی چارەسەر هەبێت، چارەکردنی کێشەکان ئاسانە و پێویستە ڕێزگرتن لە دەستور و ڕێککەوتنەکان بنەما بێت بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشە و ناکۆکییەکان.
سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەمو بەشەکانی عێراق بکات و حکومەتی هەمو ناوچە و پارێزگاکان بێت، وەک چۆن داکۆکی لە مافی هاوڵاتییانی بەسرا و بەغدا دەکات، بە هەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات."
مەسرور بارزانی دوپاتیشی کردەوە کە "هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستوریییە و دەبێ ڕێز لە قەوارەی فیدراڵی هەرێم بگیرێت و لەم چوارچێوەیەدا ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت."
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری هاوڕابو لەسەر گرنگی و پێویستیی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستور. وتیشی "هاتنی ئەم شاندە باڵایەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانە."
حكومەتی هەرێمی كوردستان وتوشیەتی"دواتر لیژنە پەیوەندیدارەکانی هەردولا، بە جیا لەسەر تەوەرەکان کۆبونەوە و گفتوگۆی بەرفراوانیان کرد و کۆبونەوەکانیش لە کەشێکی ئەرینێیدا بەڕێوەچون، کە تێیدا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بیروڕا لەبارەی چارەسەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستور ئاڵوگۆڕ کرا و بڕیارە کۆبوەنەوەکانیش بۆ ماوەی دو ڕۆژ بەردەوام بن."
دەقی راگەیەندراوەكە:
ئەمڕۆ یەکشەممە 9/8، بە ئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەی هەردو ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری و ئەنجومەنی ئابوریی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر دەستی پێکرد.
لە کۆبونەوەکەدا کە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی هەردولا ئامادەبون، گفتوگۆ لەبارەی چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرا و جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
لە دەستپێکی کۆبونەوەدا، سەرۆکی حکومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵ بۆ هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر خواست و ویستی چارەسەر هەبێت، چارەکردنی کێشەکان ئاسانە و پێویستە ڕێزگرتن لە دەستور و ڕێککەوتنەکان بنەما بێت بۆ چارەسەرکردنی هەمو کێشە و ناکۆکییەکان.
سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەمو بەشەکانی عێراق بکات و حکومەتی هەمو ناوچە و پارێزگاکان بێت، وەک چۆن داکۆکی لە مافی هاوڵاتییانی بەسرا و بەغدا دەکات، بە هەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات.
دوپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستوریییە و دەبێ ڕێز لە قەوارەی فیدراڵی هەرێم بگیرێت و لەم چوارچێوەیەدا ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.
جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری هاوڕابو لەسەر گرنگی و پێویستیی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستور. گوتیشی هاتنی ئەم شاندە باڵایەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانە.
دواتر لیژنە پەیوەندیدارەکانی هەردولا، بە جیا لەسەر تەوەرەکان کۆبونەوە و گفتوگۆی بەرفراوانیان کرد و کۆبونەوەکانیش لە کەشێکی ئەرینێیدا بەڕێوەچون، کە تێیدا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بیروڕا لەبارەی چارەسەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستور ئاڵوگۆڕ کرا و بڕیارە کۆبوەنەوەکانیش بۆ ماوەی دو ڕۆژ بەردەوام بن.