دواى ڕاپۆرتێكى سۆران عومه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق چى كرد؟
  2024-09-17       841       


سۆران عومه‌ر چه‌ند زانیارییه‌كى له‌باره‌ى ڕاپۆرتێكه‌وه‌ ئاشكراكردوه‌ كه‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى كردوه‌و كه‌مێك باسى ڕێوشوێنه‌كانى كردوه‌، ده‌ڵێت:"سودانى پله‌باڵایه‌كى سه‌ربازیى له‌پرسه‌ى براكه‌یه‌وه‌ ڕاسپاردوه‌ به‌دواى ئه‌و ڕاپۆرته‌دا بچێت"، باس له‌وه‌شده‌كات، "هه‌مان ئه‌و ڕاپۆرته‌م پێشكه‌ش به‌جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم كرد، به‌ڵام به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بوو".

ئاوێنه‌: سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتارى كورد له‌به‌غدا له‌ڕێگه‌ى فه‌یسبوكى خۆیه‌وه‌و له‌ژێر ناوى (سری وشخصی ویفتح بالژات ـ واته‌ نهێنی‌و شەخسیەو خودی خۆت بیکەرەوە) چه‌ند زانیاریه‌كى ئاشكراكردوه‌و نوسیویه‌تى:"ئەمە ناونیشانی سەر ئەو نوسراوەیە کە سەرۆکی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ وەزیری ناوخۆو سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقی ناردوە!".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "ڕاپۆرتێکم بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق نارد، کە هاوکات سەرۆکی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە، ئه‌ویش له‌11ى 8ى 2024 ئەم نوسراوەى ئاراستەی وەزیری ناوخۆو سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کردوەو نوسیویەتی ((نهێنی‌و شەخسیەو خودی خۆت بیکەرەوە))".

سۆران عومه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، دوو ڕۆژ دواى ئه‌وه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌ى ئاراسته‌ى سودانى كردوه‌، واته‌ له‌ 13ى 8ى 2024، لەکۆبونەوەدا بوه‌ چەند ته‌له‌فۆن‌و نامەیەکى بۆ چوه‌ کاتێک پێیدا چوه‌تەوە یەکێک لەنامەکان نوسراوە، "من لیوا فڵانم یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی عێراقم بۆ کاروباری هەواڵگری پێویستە بەزوترینکات بتبینین!".

ده‌شڵێت:"هەمان ڕۆژ لەشوێنی مانەوەم لەبەغدا پێشوازیم لێکردن‌و دەستیان بەکاری خۆیان کرد، لەکاتێکدا ئەو یاریدەدەرەی وەزیری ناوخۆ لەناو پرسەی برایەکی هاتبوو بۆ ئەو دیدارو کۆبونەوە، چونکە وەزیری ناوخۆو نوسینگەی سەرۆک وەزیران ڕایان سپاردوە وەک سەرۆکی لیژنەیەکی بەدواداچون لێکۆڵینەوە لەڕاپۆرتێکی بەندە بكه‌ن".

وه‌كو سۆران عومه‌ر باسیكردوه‌، "باسی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە ناکەم تا دەگاتە ئەنجام، باسی ئەوە دەکەم هەمان ڕاپۆرتم نارد بۆ جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم تاکو لای خۆمان چارەسەر بکرێ، بەڵام هیچ بەلایەوە گرنگ نەبوو ئەمە گومانی زیاتری خستەسەر بابەتەکە، ئەمە جیاوازیی نێوان حوکمڕانیە لەهەرێم‌و عێراق، عێراقیش بەو هەموو گەندەڵیەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×