شەڕ لەنێوان پێشمەرگەو سوپای پاسداران لە سنوری مەریوان رویداو فەرماندەیەكی كۆمەڵە گیانی لەدەستدا
  2024-09-19       817       

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ناوچە شاخاوییەكانی سنوری شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان، شەڕ لەنێوان دەستەیەك لە پێشمەرگەكانی حزبی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و سوپای پاسداراندا رویداوەو لە ئاكامدا فەرماندەیەكی كۆمەڵە گیانی لەدەستداوەو هێشتا شەڕەكەش بەردەوامە.

ئاوێنە: رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەرزاییەکانی چیای "سورێن" و لە نزیک گوندەکانی "سیاناو" و "ئسکۆڵ" لە سنوری شاری مەریوان، پێکدادانێکی چەکدارانە لەنێوان سوپای پاسداران و ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕویدا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار كە قسەی بۆ رێكخراوەكە كردوە، ئەم تێکهەڵچونە چەكدارییە بەردەوامە و سوپای پاسداران دەستی بە تۆپباران کردنی ئەو ناوچانە کردوە.

هەنگاو ئاماژەی بەوەداوەکە لەم پێکدادانانەدا یەکێک لە فەرماندەکان و ئەندامی ڕێبەری حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ناوی ڕێبوار کەریمیان خەڵکی شاری مەریوان گیانی لەدەست داوە.

رێكخراوەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە دەنۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم سێ ئەندامی دیکەی ئەم حیزبە لە شەڕەكەدا هەیە بەڵام هێشتا نەتوانراوە پشتڕاست بكرێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×