"ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری كۆتایی لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران داوە"
  2019-10-06       4030       

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێت، بڕیاری كۆتایی لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دراوە و دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت، بۆیە پێویستە سەرجەم وەزارەتەكان پەلە بكەن لە ناردنی زانیاری بۆ ئەوەی پلەی مامۆستا و فەرمانبەران بەرز بكرێتەوە.

ئاوێنە: بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی پەروەردە، كە گشتاندنی بۆ كراوە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بەوەزارەت، داوا كراوە زانیاری لەسەر میلاكی مامۆستا و فەرمانبەرانی ساڵەكانی 2016 و2017  و 2018 و 2019 و 2020 رەوانە بكەن بەپێی پلەكانیان و دیاریكردنی موچەیان بە هۆی پلەبەرزكردنەوەیان و دوایین وادەش بۆ ناردنی زانیارییەكان، حەوتی ئەم مانگەیە.

لەو بارەیەوە، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، ئەحمەد گەرمیانی، بە ماڵپەری رەسمی پارتی راگەیاند"ئێمە سەردانی وەزارەتی داراییمان كردو یەكێك لە داواكارییەكانمان دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە بو، ئەوانیش باسیان لەوە كرد كە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێ داوەو داوایان لەهەمو وەزارەتەكان كردوە زانیارییان بۆ رەوانە بكەن بۆ ئەوەی پلەبەرزكردنەوە دەست پێبكاتەوە".

وتیشی"دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە هەمو مامۆستا و فەرمانبەران دەگرێتەوە، چونكە چەندین ساڵە راگیراوە، بۆیە ئەمە كارێكی باشە و یەكێكە لە داواكاریەكانی ئێمە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×