بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە هەڵەبجەوە رایگەیاند"چالێنجت دەكەم كاك مەسرور وەرە لە كام تەلەفزیۆن ئەتەوێ با دیبەیت بكەین."و داواش لە مەسرور بارزانی دەكات خانەنشینییەكەی لە هەژماری من وەربگرێت. جەختیش دەكاتەوە كە "دەسەڵاتی خۆسەپێن دەڕوخێنن."
ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردن و لەنێو لایەنگرانی حزبەكەیدا لە هەڵەبجە وتەیەكی پێشكەشكردو وتی"ئەم یەكێتییە كە قسەیەكی كرد جێبەجێی دەكات."
بافڵ تاڵەبانی وتی"زا بخودێ ئەگەر بەڵێنتام پێ بدەم كە وەهاب هەڵەبجەیی، ئەكەمە پارێزگاری بارزان، ئەیكەم، بەدڵنیایی خۆی نایكات، بەڵام ئەگەر بمانەوێت ئەیكەین."
جەختیشی كردەوە "كۆتایی ئەهێنین بەو دەسەڵاتە ناشیرینە خۆسەپێنە." وتیشی"كۆتایی پێ ناهێنین دەیڕوخێنین."
بەبڕوای بافڵ تاڵەبانی "ئەمڕۆ تاكە حزب لەم عێراقە كە خەبات بكات بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان، بەرامبەر هەمو نەیار و دوژمنەكانمان و بێ ترس، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.
ئاماژەی بەوەشدا"موچە لەبەر یەك هۆكار نایەت بۆ كوردستان، چونكە دەیانەوێت پارەكە لە بانكی خۆیانەوە دابەش بكرێت و تا لەوەشدا قازانج بكەن و لەوەشدا خوێنی ئێوە بخۆن."
وتیشی"با جەنابی كاك مەسرور خانەنشینییەكەیان لە هەژماری من وەربگرن."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی یەكێتی پشتیوانی حزبەكەی بۆ مامۆستایانی ئایینی دوپاتكردەوە وتی"وەزیری ئەوقافێك دادەنێین كە بزانێت خوا چیە، كە بزانێت میللەتی ئێمە موسوڵمانە. ئێمە پشتیوانی مامۆستایانی ئایینی دەبین. وڵات بێ خوا وڵات نییە، وڵات بێ دین وڵات نییە. بۆیە هەر كەسێك لەناو یەكێتی هەر دەزگایەك لەناو یەكێتی كە دژی ئایینی پیرۆزی ئێمە قسەی دەكرد، هەمویمان دورخستۆتەوەو هەمو دەزگاكانمان كاول كردون."
هەروەها وتیشی"كێشەیەكمان هەیە گەنجەكانمان، فێری تلیاك و خواردنەوە ئەبن، پێكەوە لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی دەبێت بەرنامەیەك دابنێین بۆ ئەمە. بێزەحمەت بۆ سەرۆك وەزیران و وەزیری ناوخۆ باسی ئەم شتانە ناكەن، هەمو ئەمانە باش ئەزانن بەڵام حەزیان لەوانەیە. ئەوەیان نەویستایە دەستوەردانیان لە مزگەوت و شوێنە پیرۆزەكاندا نەدەكرد. ئەوەیان نەویستایە بەشانازییەوە شاری زەبەلاحیان دروست نەدەكرد پڕ لە بێ ئەخلاقی. ئەو شارە نوێنەری هەیە، دوێنێ نوێنەرەكەی قسەی كردوە، هەر لە كوردستان گەواد نوێنەری هەیە، داوەشێن."
بافڵ تاڵەبانی چالێنجی سەركردەی حزبەكانی دیكەی كرد بۆ دیبەیت، وتیشی "من لە هەڵەبجەوە چالێنجت دەكەم كاك مەسرور وەرە لە كام تەلەفزیۆن كە ئەتەوێ لە كام جەریدە كە ئەتەوێ، وەرە ئەگەر پێت ئەكرێ، وەرە با دیبەیت بكەین."
ئاماژەی بەوەشدا"چاوەڕێی وەڵامی چالێنجەكەشم دەكەم لە جەنابی كاك مەسرور."
سەرۆكی یەكێتی لە كۆتایی وتەكەیدا داوای لە لایەنگرانی حزبەكەی كرد هاوكاریان بن دەنگ كۆكردنەوەو خەڵك ئاشت بكەنەوەو بڵێن "یەكێتی ئەمڕۆ ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە بۆگەنە ئەڕوخێنێت."