خۆپیشاندانەکانی عێراق تا دوای رێورەسمی چلەی ئیمام حوسێن هەڵپەسێردرا
  2019-10-08       1168       

چالاكوانانی مەدەنی بەشداربوو لە خۆپیشاندانەکان رایانگەیاند ''خۆپیشاندانەكانمان دژبە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هەڵپەساردووە تا ئەو كاتەی رێورەسمی چلەی ئیمام حوسێن كۆتایی دێت''.


 
ئاوێنه‌: سەلیم جەسور، چالاكوانی مەدەنی لە شاری دیوانییە رایگەیاند كە چالاكوانان رێككەوتوون لەسەر هەڵپەساردنی خۆپیشاندانەكان تا ئەو كاتەی رێورەسمی چلەی ئیمام حوسێن كۆتایی دێت.

جسور وتیشی، ''دوای تەواوبوونی رێورەسمی چلەی ئیمام حوسێن، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دەست پێ دەكەینەوە تا ئەو كاتەی داواكارییەكانمان سەبارەت بە باشكردنی خزمەتگوزاری، رەخساندنی دەرفەتی كار، سزادانی گەندەڵكاران جێبەجێ دەكرێت''.


ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی شیعە مەزهەب لە ناوچەكانی دیكەوە بە پیادە روو دەكەنە شاری كەربەلا باشووری عێراق بۆ ئەوەی لە رێورسمی چلەی ئیمام حوسێن بەشداری بكەن كە ٢٠ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.

هەر لەوبارەوە خەلدون ئەحمەد، چالاكوانی مەدەنی لە شاری موسەننا ئاماژەی بەوەدا كە لە دوێنێ‌ دووشەممەوە خۆپیشاندانەكانیان هەڵپەساردووە تا ئەو كاتەی رێورەسمی چلەی ئیمام حوسێن كۆتایی دێت.

ئەحمەد وتیشی، ''ئامانج لە هەڵپەساردنی خۆپیشاندانەكان، ئەوەیە هاووڵاتییان بتوانن بۆ بەشداریكردن لە رێورەسمی چلەی ئیمام حوسێن سەردانی شاری كەربەلا بكەن و هێزە ئەمنییەكانیش بتوانن گیانی زیارەتكاران بە باشی بپارێزن''.

لای خۆیەوە چالاكوانی مەدەنی لە زیقار، هانی خەلدون  باسی لەوە كرد كە بە هەمان شێوە خۆپیشاندانەكان لە شارەكەدا هەڵپەسێردراوە تا هاووڵاتییان بتوانن سەردانی شاری كەربەلا بكەن و لە رێورەسمی چلەی ئیمام حوسێن بەشداری بكەن.

لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و پێكداھەڵپڕژان لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەكاندا روویداوە.

خۆپیشاندەران ھێزەكانی حكوومەت بەوە تۆمەتبار دەكەن كە ھێزە ئەمنییەكان بە دەستڕێژی گوللـە رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە، بەڵام ھێزەكانی حكوومەت بانگەشەی ئەوە دەكەن كە كارمەندانی ئەمنی و خۆپیشاندەران لە میانی خۆپیشاندانەكاندا بوونەتە ئامانجی قەناس بەدەستە نەناسراوەكان.

بەپێی دوایین ئامار كە دوێنێ یەكشەممە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوكرایەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون، گەیشتووەتە ١٠٤ كەس، ھەروەھا شەش ھەزارو ١٠٧ی دیكە بریندار بوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×