"لەڕۆژی دەنگدان هاتوچۆی هاوڵاتیان ئاسایی دەبێت"
  2024-10-08       269       

به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنی‌ پارێزگای هەولێرو بەرپرسی‌ نوسینگەی‌ هەولێری‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکان، لەڕۆژی دەنگدان هاتوچۆی هاوڵاتیان ئاسایی دەبێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری‌ هەولێر لەگەڵ لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنی‌ پارێزگای هەولێرو بەرپرسی‌ نوسینگەی‌ هەولێری‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکان "لەپێناو داڕشتنی‌ پلان و ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچونی‌ هەڵبژاردنێکی ئارام زەمینەخۆشکردن و دابینکردنی ئازادیی بۆ دەنگدەران" کۆبوەوە.

لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "دوای‌ گفتوگۆکردن بۆ دابینکردنی‌ پێداویستییەکان بەئامانجی‌ باش بەڕێوەچوونی‌ پڕۆسەی‌ دەنگدان و ئامادەکارییەکان لە 48 بنکەی‌ تایبەت و 389 بنکەی‌ گشتی‌ دەنگداندا لە سنووری‌ پارێزگای‌ هەولێر و هەروەها ئامادەباشیی هێزەکانی ناوخۆ و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و دیاریکردنی‌ ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی‌ ئەرکەکانیان، پارێزگاری‌ هەولێر، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی‌ شەشەمی‌ پەرلەمانی کوردستان، لە سنووری‌ پارێزگای‌ هەولێر، هەڵبژاردنێکی ئارام و لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر بەڕێوە بچێت". 

وتیشی، "پێویسته‌ هاوڵاتیان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش له‌كاتی‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان هاوكار بن تاکو كه‌شوهه‌وایه‌كی‌ ئارام دروست بێت".

هەر لەکۆبوونەوەکەدا، جەخت لەبڕیار و ڕاسپاردەکانی‌ کۆبوونەوەی‌ لیژنەی باڵای ئەمنی کرایەوە، بە تایبەتی‌ لە ڕۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا کە نابێت بە هیچ شێوەیەک دەنگدەران مۆبایل لە بنکەکانی دەنگدان ببەنە ژوورەوە، ئاماژە بەوەش دراوە لە ڕۆژی دەنگدان قەدەغەی هاتووچۆ ڕاناگەیەنرێت و بازگەکان کراوە دەبن و هەروەکو ڕۆژانی ئاسایی هاتوچۆی‌ هاووڵاتییان ئاسایی دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن دەبێت پێشوەختە لە کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکان تۆمار کرابن و باجی کۆمیسیۆنیان پێ بێت.

بڕیاره‌ 20ی‌ ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی‌ شه‌شه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×