2019-10-08   2483     
فه‌رمانده‌ی سوپای سووریای دیموکرات ڕه‌خنه‌ی له بڕیاره‌که‌ی تره‌مپ گرت و باسی له‌وه کرد که خافڵگیر کراین, سه‌باره‌ت به لێكه‌وته‌كانی دوای ئه‌و بڕیاره بۆ سووریا و کوردی ئه‌و وڵاته هۆشداری دا.
ئاوێنه: مه‌زڵوم کۆبانێ فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپای سووریای دیموکرات ڕه‌خنه‌ی له بڕیاره‌که‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا گرت له‌باره‌ی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانیان له ناوچه‌کانی باکووری سووریا و هه‌ڵکردنی گڵۆپی سه‌وز بۆ تورکیا به‌مه‌به‌ستی هێرشکردنه سه‌ر کورد.
ناوبراو ڕاگه‌یاند: "ڕاستگۆیانه بڵێم ئێمه له‌و بڕیاره‌ی تره‌مپ خافڵگیر بووین چونکه میکانیزمی ئه‌منی به‌ره‌وپێشچوونێکی باشی هه‌بوو و ئێمه هه‌موو هه‌وڵه‌کانمان خستبووه گه‌ڕ، لای خۆمانه‌وه هه‌ر کارێکمان کرد تاكو پڕۆژه‌که سه‌رکه‌وتوو بێت."
کۆبانێ له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی نێوان کورد و سوپای تورکیا هۆشداری دا و وتی: "ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێ بکرێت بێگومان شه‌ڕ له سنووره‌کانی باکووری سووریا له نێوان ئێمه و سوپای تورکیا ڕوو ده‌دات."
ناوبراو هیواشی خواست که به‌و شێوازه نه‌بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانانی ئێمه گوشار نه‌خه‌نه سه‌ر تورکیا ئه‌وا له چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌دا شه‌ڕی نێوان کوردی سووریا و سوپای تورکیا حه‌تمییه و ڕووده‌دات.
کۆبانێ داوای له سه‌رکرده‌کانی ئه‌مریکا کرد که ئاوڕ له‌و بابه‌ته بده‌نه‌وه که ئه‌و بڕیاره ده‌ستکه‌وته‌کانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه "شه‌ڕی نێوان کورد و سوپای تورکیا بۆشایی ئه‌منی لێده‌که‌وێته‌وه که زه‌مینه‌ی هه‌لقۆستنه‌وه‌ی داعش فه‌راهه‌م ده‌کات، ئه‌و بڕیاره هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی ئێمه و هاوپه‌یمانان له شه‌ڕی داعش ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه."