حکوومەتی عێراق داوای حەوت ملیار دۆلار کاشی لە ئەمریکا کردووەو وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتەش مەرجی بۆ رەوانە کردنی داناوە.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سوودانی، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا بە فەرمی و بە نووسراو داوای حەوت ملیار دۆلاری کاشی لە ئەمریکا کردووە کە لە دەرەوەی مەزادی بانکی ناوەندی بۆی بنێرێت.
بەپێی زانیارییەکان داواکارییەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی دینارە کە حکوومەت تووشی بووە و دەیەوێت بە کڕینەوەی دینار لە بازرگان و بانکەکان کێشەکەی چارەسەر بکات.
پێشتر عێراق هەمان داواکاری لە ئەمریکا کردوە، بەڵام تەنیا بڕی دۆلار ی بۆ مەزادی بانکی ناوەندی زیاد کرد.
بەپێی میدیا عێراقییەکان ئەمریکا رەزامەندی داوە لەسەر ناردنی پێنج ملیار دۆلار بە کاش بۆ عێراق بە مەرجی ئەوەی چیدی داوای لابردنی سزادانی 32 بانکەکە نەکات کە بێبەشی کردوون لە مامەڵەکردن بە دۆلار.
ماوەی چەند هەفتەیەکە بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار دابەزینی نوێی تۆمار کردووە پێشبینی دەکریت بە گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە بەهای دینار بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.