رێباز حەملان: بڕیاری سەرۆكی یەكێتی بۆ راگرتنی هەژماری من تەواو نایاساییە
  2024-10-30       498       

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕیاری سەرۆكی یەكێتی بۆ راگرتنی هەژماری من لە سنوری سلێمانی "تەواو نایاساییە" و لەگەڵ نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت قسەكراوە بۆ ئەوەی "بەزوترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن"و دەشڵێت: ـخودی بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی و بەرپرسەکانی یەکێتی لە حکومەت هەژماری منیان پڕکردۆتەوە."

ئاوێنە: رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند"بابەتی هەژماری من پەیوەندیدارە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەک هیچ حزب و هیچ شەخسێکەوە، بەڵام دوای ئەوەی سەرۆکی یەکێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردن ڕایگەیاند کە هەژماری من ڕادەگرێت، کە بەدڵنیایی ئەوە بڕیارێکی تەواو نایاساییە چونکە دەبێت ئەو بڕیارە ئەگەر بدرێت حکومەت بیدات نەک سەرۆک حزب و کەسێک."

ئاماژەی بەوەشداوە"پڕۆژەی هەژماری من پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییە، بە ئاگاداری و ڕەزامەندی حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ و خودی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بانکی ناوەندییە، هەتا ئێستاش هیچ نوسراوێکی فەرمی نەهاتوە لە بەغداوە کە بڵێ هەژماری من ڕاگیراوە، هەژماری من تا ئەم ساتەش پڕۆژەیەکی گشتگیرو سەرتاسەرییە لەسەر ئاستی هەمو هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت."

بەقسەی رێباز حەملان، هەژماری من "نزیکەی 700 هەزار بەشداربوی هەیە، لەو ڕێژەیەش زیاتر لە 100 هەزاری لە سنوری پارێزگای سلێمانییە، خودی بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی و بەرپرسەکانی یەکێتی لە حکومەت هەژماری منیان پڕکردۆتەوە، یەکێتی و نوێنەرەکانی یەکێتی خۆیان بەشداربون لە بڕیاری دروستبونی هەژماری من، حزبەکانی تریش بەشداربون چونکە هەژماری من یەکێکە لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم کە بریتی بو لە بەدیجیتاڵکردنی سیستمی موچە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "داخستنی ئۆفیسەکانی هەژماری من لە سلێمانی، کێشەی یەکێتییە لەگەڵ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری وەک هەژماری من، یەکێتی کێشە بۆ ئەو پڕۆژانە دروست دەکات کە خزمەتی خەڵک دەکات، ئێستا هاتون دەڵێن دەبێت خەڵک تەوتین بکات، بەڕاستی ئەمە بۆ سەرلێشێواندنی خەڵکە چونکە نە بانکی ڕەشید، نە ڕافیدەین، نە تی بی ئای، ئامادەنین بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم هیچ تەوتینێک بکەن، لەبەرئەوەی هەمو مامەڵەیەکی ئەو بانکانە و حکومەتی عێراقی لە ڕێگای وەزارەتی دارایی هەرێمەوەیە."

یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتوشیەتی"کە دەڵێن لقی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید لە سلێمانی دەکەنەوە، ئاساییە با بکرێنەوە وەک هەر شوێنێکی تر لقییان هەبێت، بەڵام ئەو بانکانە نەیانوتوە لق دەکەینەوە بۆ تەوتین، نەخێر چونکە تەوتین یا هەر بابەتێکی پەیوەندیدار بە موچەوە پەیوەندی هەیە بە حکومەتی هەرێمەوە، نە حکومەتی عێراق نە بەڕێز وەزیری دارایی عێراقیش ئەو هەنگاوە نانێ، بۆیە ئەمە موماتەڵەکردنە بە خزمەتگوزارییەکان، هەروەها دروستکردنی کێشەیە بۆ موچەخۆرانی سلێمانی، داخستنی نوسینگەکانی هەژماری من لە سلێمانی بەتەواوەتی کارێکی نائیداری و ناقانونی و ناحکومییە، دەستوەردانی حزبە لە کاروبارەکانی حکومەت."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"بەپێی نوسراوەکەی سەرۆکی دیوان، وەزیری ناوخۆ ڕاسپێردراوە بە گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێکی یاسایی لەبەرامبەر هەر مەفرەزەیەکی پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ کە ڕێگری دەکەن لە کارەکانی هەژماری من، واتە دەبێت هێزەکانی ناوخۆ ملکەچی فەرمانەکانی وەزیری ناوخۆ بن نەک سەرۆکی حزبێک، وەڵاهی لە ناوچەی زەرد هیچ کاتێک سەرۆکی حزب دەستی وەرنەداوەتە ئیش و کاری حکومەت و نوێنەرەکانی پارتی لە حکومەت کاری خۆیان دەکەن، فەرمانەکان لە سەرۆک وەزیران وەردەگرن، نەک لە مەکتەب سیاسی و سەرۆکی حزب، حزب کاری خۆی دەکات و حکومەت کاری خۆی دەکات."

رێباز حەملان وتوشیەتی"من وای دەبینم داخستنی ئۆفیسەکانی هەژماری من لە سلێمانی کاتییە و درێژکراوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنە دیارە لای ئەوان هێشتا بانگەشە تەواو نەبوە، هێشتا هەڵمەتی هەڵبژاردن لە یەکێتیدا ماوە، بەڵام بەدڵنیایی ئەم کێشەیە کاتییە و چارەسەر دەبێت، چونکە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی هەرێم هەیە کە گشتگیرە و جێبەجێ دەکرێت، خەریکی جێبەجێکردنی ئەو دو بڕیارەین کە دەرچون لەوبارەیەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"نوسینگەی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرە بەڕێزەکانی یەکێتی قسەیان کردوە کە بەزوترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە ئەوە جگە لە دروستکردنی کێشە بۆ موچەخۆرانی هەرێم هیچی تر بە دوای خۆیدا ناهێنێ، هەمو وەزیرەکانی یەکێتی و جێگری سەرۆک وەزیران و هەمومان هەژماری منمان پڕکردۆتەوەو بەشدارین چونکە پڕۆژەکە هی ساڵی ڕابردوە سەرەتا لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستیپێکرد، دواتر بۆ وەزارەتەکان و فەرمانگەکان، من لەپێش هەمویان بەشداری هەژماری منم کرد، چونکە سیستمێکی زۆر پێشکەوتوە هاوشێوەی سیستمی بانکە پێشکەوتوەکانی جیهان، بەدانپێدانانی خودی بانکی ناوەندی عێراقی هەژماری من لە (تەوتین) پێشکەوتو ترە."

بەپێی قسەی رێباز حەملان "هیچ بانکێک لە بانکەکانی هەژماری من نەهی شەخسێکی دیاریکراوە، نەهی پارتییە، ئەوانە بانکن و مۆڵەتییان لە بانکی ناوەندی عێراق پێدراوەو کاری خۆیان دەکەن، هیچ بانکێک لەوانە بەتایبەت بۆ هەژماری من دروست نەکراوە، بەڵکو کاری ئاسایی خۆیان دەکەن، وەک هەمان ئەو بانکانەی کە لە تەوتیندا هەن و مۆڵەتیان پێدراوە بەهەمان شێوە بانکی ناوەندیش مۆڵەتی بەو بانکانەی هەژماری من داوە، پڕۆژەکەش نەهی پارتییە نەهی سەرۆکی حکومەت بە تەنیا بەڵکو هی حکومەتە و برای سەرۆکی یەکێتی و وەزیرەکانی یەکێتیش بەشداربون و ڕەزامەندبون، هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان ناڕەزاییان لەسەر هەژماری من دەرنەبڕیوە، ئەگەر قازانجێکیش لەپڕۆژەی هەژماری من هەبێت بێگومان بۆ حکومەتە نەک بۆ هیچ شەخس و لایەک."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×