فراکسیۆنی پارتی: ئەوەی یەکێتی بۆ تەوتین دەیکات چەواشەی فەرمانبەرانە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە
  2024-11-02       655       

شوان كەلاری بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەوەی یەکێتی بۆ تەوتین دەیکات چەواشەی فەرمانبەرانە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. دەشڵێت: پێویستە ئەم تای هەڵبژاردنە بەریان بدات.

ئاوێنە: شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەژماری من پرۆژەیەکی فەرمیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لە سەرداوە، هەنگاوی زۆر باش لە هەژماری من چوەتە پێشەوە و بابەتەکە پەیوەستە بە ئەلیکترۆنیکردنی موچەی فەرمانبەران کە تەوتینیش هەمان ئامانجی هەیە، بۆیە پێمان وایە ئەوەی یەکێتی دەیکات کارێکی باش نیە."

وتیشی،" جگە لەوەی ئەو کارەیان جۆرێکە لە کاری نایاسایی، چونکە سەد لە سەد کاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، یەکێتی خۆشیان دڵنیان چ بانکی مەرکەزی و چ حکومەتی عێراق و چ وەزارەتی دارایی عێراق مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا دەکات، بۆیە بەداخەوە هێشتا تای هەڵبژاردن بەریانی نەداوە، ئەمە خراپە و بە دڵنیایەوە هەژماری من دەبێتە فاکتەرێک کە ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی زۆر باش ببات بەرەو پێشەوە."

بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی ڕاشیگەیاند،" دادگای ئیتحادی ڕاستە بڕیارێکی هەیە، بەڵام ناڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان میکانیزمێکی نەبێت بۆ ئەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خۆیی بکاتەوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک باسی ناکات و ئامانجی دادگای فیدراڵی ئەوەیە سەرجەم موچەخۆرانی عێراق بە گشتی هەژماری بانکیان هەبێت و بابەتەکە لەوە دەرچێت بە قایمە و بەلیست و پارەی نەقدی بدرێتە فەرمانبەران."

وتیشی،" ئەوەی یەکێتی دەیکا و سەرۆکی حزبەکەی ڕوبەڕوی بڕیاری حکومەتی هەرێم دەبێتەوە ئەمە تەواو نایاساییە و ئەمە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بو و گریمان هەندێک دەنگی پێ کۆکردەوە و پێویستە ئەم تای هەڵبژاردنە بەریان بدات، چونکە بەڕاستی ئەوەی دەیکەن و فۆرم دابەش دەکەن چەواشەی فەرمانبەرانە و هیچ بنەمایەکی یاسای تێدا نیە."

بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەوان تەواو پشتیگری لە قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان دەکەن و هەر دەسەڵاتێک هی حکومەتی هەرێم بێت ڕێگە نادەن دەستێک بیەوێت ئەو دەسەڵاتە لە حکومەتی هەرێم بسێنێتەوە و بیدات بە بەغدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×