"هەفتەی داهاتو بەغدا موچەی مانگی 10 دەنێرێت"
  2024-11-03       339       

پێگەیەكی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە كە هەفتەی داهاتو بەغدا موچەی مانگی 10ی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان، پێشتر لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لیستی موچەی مانگی تشرینی یەکەم(10)ی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێریاری لەوەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.

لەبارەی كاتی ناردنی موچەی مانگی 10 لەلایەن بەغداوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی راگەیاند، لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم كە ئەمڕۆ رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق كراوە، وردبێنی دەكرێت و وردبینیكردنیشی تاوەكو 10ی ئەم مانگە دەخایەنێت.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستۆتەڕو، هیچ راسپاردەیەك نییە بۆ دواخستن یان راگرتنی موچەی مانگی 10ی موچەخۆرانی هەرێم بەهۆی بەردەوامی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەسەر پڕۆژەی هەژماری من و ئەنجام نەدانی تەوتین لە بانكە فیدراڵییەكان.

سەرچاوەكە وتویەتی، موچەی مانگی 10ی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەدوای 10ی مانگەوەو لە هەفتەی داهاتودا لەلایەن بەغداوە خەرج دەكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×