2024-11-04   224     
بەرەی گەل و کۆمەڵی دادگەری کۆبونەوەی لوتکەیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، تێپەڕبوونی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی ئۆکتۆبەر بەو هەموو ساختەکارییەوە پرسیاری جدی لەسەر کۆمسیۆن و شەرعییەت و مەشروعییەتی پرۆسەی سیاسی دروست دەکات و متمانەی خەڵک بە دامەزراوە نیشتیمانییەکان هێندەی تر لاواز دەکات.
ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی لە پەیجی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە بارەگەی بەرەی گەل لە شاری هەولێر، لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و وەفدی یاوەری کۆبوینەوە وپێکەوە بیروڕامان ئاڵوگۆڕکرد سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەر و ئەو ساختەکارییە بەرفراوانەی ئەنجامدراوە و تەئکیدمان لە هەماهەنگی نێوان کۆمەڵی دادگەری و بەرەی گەل کردەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، هەردولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە تانەی لایەنە سیاسییە بەشداربوەکانی ئەم هەڵبژاردنە لەبەرچاو بگیرێ، جەختیان ژرووەتەوە، کە تێپەڕبوونی هەڵبژاردنەکانی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر بەو هەموو ساختەکارییەوە پرسیاری جدی لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و شەرعییەت و مەشروعییەتی پرۆسەی سیاسی دروست دەکات و متمانەی خەڵک بە دامەزراوە نیشتیمانییەکان هێندەی تر لاواز دەکات.
هەروەها دەشڵێت: لەو دیدارەدا لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری، جارێکی تر ئەو راستییەمان دوپاتکردەوە کە ئەو ساختەکاریی و دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر کراوە گوزارشتە لە شکستی حوکمڕانیی و ترسی حزبەکانی دەسەڵات لە سەنگی راستەقینەی خۆیان هەر بۆیە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا و هەر جارە و بە مۆدێل و رێکارێک پەنا بۆ ساختەکردنی ئیرادەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبەن.