حەوت لایەنی ناڕازی داوا دەكەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵبوەشێنرێتەوە
  2024-11-04       712       

حەوت لایەنی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان داوا لە دەستەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان دەكەن بە فەرمی هەڵبژاردنەكە هەڵبوەشێنێتەوەو دوبارە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بكرێتەوە.

ئاوێنە: لیژنەی هەماهەنگی لایەنەكانی (یەكگرتو، ڕەوتی هەڵوێست، كۆمەڵ، بەرەی گەل، بزوتنەوەی ئیسلامی، پەیوەندی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان)، ئەمڕۆ دوشەممە، دوای كۆبونەوەیان لەبارەگای ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری لە سلیمانی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامداو هەڵوێستی هاوبەشی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی رۆژی 20ی مانگی رابردوی پەرلەمانی كوردستان خستەڕو.

ئەو حەوت لایەنە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتویەتی"ئێمە هەر یەكە لەم لایەنانە تانەمان داوە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و تەواوی بەڵگەكانمان خستونەتەڕو و چاوەڕێ دەكەین دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی كۆمسیۆن بەجدی بەدوای تانەكانماندا بڕوات و رێڕەوی ئاسایی و یاساییان بۆ وەربگرێت چونكە ئێمە بە بەڵگەی پشتڕاستكراوە، ئەوەمان خستۆتەڕو كە هەڵبژاردن ساختەكاری تێدا كراوە."

ئەوەشیان خستەڕو"هەماهەنگی ئێمە وەك ئەم لایەنانە بەردەوام دەبێت بۆ سەرجەم پرسەكانی بواری هەڵبژاردن و هەر پرسێكی دیكە كە دێتە ئاراوەو پێكەوە هەڵوێستی هاوبەشمان دەبێت."

لە كۆنگرەكەدا حەوت لایەنەكە وتیان "داوادەكەین ئەم سیستمی هەڵبژاردنی ئەلیكترۆنییە گۆڕانكاری تێدا بكرێت بەجۆرێك كە ئامێری پیكۆس لەسەر سندوقی دەنگدان لاببرێت و دەنگدەر بە دەستی كارتەكەی بخاتە ناو سندوقەكە."

ئاماژەیان بەوەشدا "ئێمە داواكارین لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان، بەفەرمی ئەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوەو ئەنجامەكانی پەسەند نەكات و دوبارە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بكرێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×