"دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بە کراوەیی دەمێنێتەوە"
  2024-11-30       437       

ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە نایاساییە گەر لەیەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردرێت، دەشڵێت "جۆرێک لە نا ڕێکەوتن هەیە و پێشبینیدەکرێت دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە کراوەی بمێنێتەوە و کێشە دروست بێت بۆ دەستەی سەرۆکایەتی و دواتر هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم".

ئاوێنە: مەجید ساڵح، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هەڵبەت هەلومەرجی کوردستان و هەلومەرجی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وا دەخوازێت دیسانەوە دانیشتنی پەرلەمانی بە کراوەی بمێنێتەوە، هەر چەندە نایاساییە و لەگەڵ یاسا و پەیڕەودا ناگونجێت".

جەختیشیکردەوە "پێویستە لەدانیشتنی یەکەمدا کە 24 کاتژمێرە، پەرلەمان ئەو ئەرکانەی کە لەسەرێتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و ئەو ڕێکارانەی کە پێویستە بکرێت جێبەجێی بکات، بەڵام لەعێراقیشدا ئەوە نەتوانراوە بکرێت، بۆیە پێشبینی دەکەم دانیشتنی یەکەم بە کراوەی بمێنێتەوە و کێشە دروستبێت بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و ئەرکەکانی دیکەش وەک هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دواتر سەرۆکی هەرێم کەسێک ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەت".

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بە ژمارە ٤١٧ی ساڵی ٢٠٢٤ی تایبەت بە گرێدانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد.

لەفەرمانەکەدا کە پاڵپشت بە حوکمی بڕگەی ٣ لە ماددەی ١٠ی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو دەرچووە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگێشتی کاندیدە دەرچووەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ گرێدانی دانیشتنی یەکەمی خولەکە کەلە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢ی مانگی دوانزەی ساڵی ٢٠٢٤ دەستپێدەکات.

بەپێی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماددەی ٤٧ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بە تەمەنترین ئەندام بەڕێوەدەچێت و ئەندامانی دەرچوو سوێندی یاسای دەخۆن لەو ڕۆژەدا.

دواتر بەپێی ماددەی ٤٨ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکدێت لە سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان بە دەنگدانی نهێنی و بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامان هەڵدەبژێردرێن کە دەکاتە ٥١ دەنگی پەرلەمانتاران لەکۆی ١٠٠ پەرلەمانتار.

دواتر بەپێی ماددەی ٤٩ لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستە لەم دانیشتنەدا ماوەی دەورەکانی پەرلەمان دیاریبکرێت.

لای خۆشیەوە هەڵشۆ عەبدولفەتاح، شارەزایی هەڵبژاردن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بەکراوە هێشتنەوەی دانیشتنی یەکەم، ئەگەری ئەوە هەیە دادگای دەستوری دانیشتنی بەکراوەی هەڵبوەشێنێتەوە".

ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات "وەکو ئەو عورفەی کە هەبووە لە ماوەی ڕابردوودا نەتوانراوە لەیەکەم دانیشتن دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت بەهۆی ڕێکنەکەوتن لە نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکا و پەنا بردنە بەر بەکراوەی هێشتنەوەی دانشتنی پەرلەمان، ئەگەر بێت و ئەو عورفە خۆیی دووبارە بکاتەوە ئەوە بێگومان مەترسی ئەوەی هەیە تانەی لێبدرێت لەبەردەم دادگای باڵای دەستوری لە عێراق و بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی بەکراوەیی".

باسی لەوەشکرد "دادگای دەستوری فیدراڵ ئەوکات بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیدا پەرلەمان ناچار دەکات بە تەواوکردنی دانیشتنەکە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان".

دادگای باڵای دەستوری فیدراڵ، بڕیارێکی هەیە بە ژمارە 55 اتحادی دەتوانێت بەپێی ئەو بڕیارە بڕیاربدات بە هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەی بە کراوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×