مەسرور بارزانی: پێویستە بەغدا موچە بەبێ دواخستن و لێبڕین بنێرێت
  2024-12-01       456       

مەسرور بازرانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا، رایگەیاند، هەرێمی كوردستان هەمو پابەندییە دەستورییەكانی خۆی جێبەجێكردون، بۆیە پێویستە بەغدا موچە بەبێ دواخستن و لێبڕین بنێرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئه‌مڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی كرد له‌ ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە "لە دەستپێکی کۆبونەوەكەدا، سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دولایەنە."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت بو بە موچە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان." لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دوپاتی کردەوە، کە "هەرێمی کوردستان هەمو پابەندییە دەستورییەکانی خۆی جێبەجێ کردون، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵ موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بێ دواخستن و لێبڕین بنێرێت."

ئاماژە بەوەشدراوە "هەردولا هاوڕابون لە سەر ئەوەی کە لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پێویستە لە زوترین کاتدا، حکومەتێکی نوێی یەکگرتو و بەهێز پێکبهێنرێت."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەكەدا، جەخت لە "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی نزیکدا کرایەوە."

ئەوەش خراوەتەڕو "باڵیۆزی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکرنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دوپات کردەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×