فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، رایگەیاند، هێرشەكانی ئەم دواییەی گروپە چەكدارەكان لە سوریا لەلایەن توركیاوە بەڕێوەدەبرێت كە ئامانجی ئەو وڵاتە داگیركردنی تەواوی خاكی سوریایەو جەختیش دەكاتەوە كە هێزەكانیان روبەڕوی هێرشەكان بۆ سەر ناوچەكانیان دەبنەوە باجەكەی هەر چۆن بێت. داوای چەكهەڵگرتنی گشتیش دەكات.
ئاوێنە: فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەماوەی ئەم هەفتەیەدا هێرشێكی زۆر فراوان كراوەو گۆڕانكاری بنەڕەتی لێكەوتۆتەوە. هێزەكانی حكومەتی دیمەشق سەرەتا لە حەڵەب كەوتن و پاشان لە زۆر ناوچەی دیكە كەوتن."
وتوشیەتی"بێگومان ئەم هێرشانە لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركییەوە بەڕێوەدەبرێن كە ئامانجی داگیركردنی تەواوی خاكی سوریایەو لە بنەڕەتیشدا ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەری كردونەتە ئامانج. بەو شێوەیەك دەیانەوێت گەلانی ناوچەكە كورد، عەرەب و سریانی و تەواوی پێكهاتەكانی دیكە لە ناوچەكە بە ئاشتی نەژین. لەبەر ئەو هۆكارە هێرشێكی بەرفراوان بۆ سەر ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر لەئارادایە."
ئەوەشی خسۆتەڕو"هاوكات پلانێكی لەناوبردنی بەرفراوان دژی گەلەكەمان لە ناوچەكانی شەهبا و حەڵەب لە ئارادایە. ئەم دۆخە مێژویی و چارەنوسسازە بۆ تەواوی گەلی سوریا بەتایبەت بۆ ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر. ئامانجی ئەم هێرشانە تەنیا ناوچە ئارامەكانی ئێمەیە و بەشێوەیەكی گشتیش ئامانج لێیان داگیركردنی خاكی سوریایە."
هەسەدە هێمای بۆ ئەوەش كردوە "ماوەی چەند رۆژێكە شەڕڤانانی ئێمە لە بەرەكانی منبج و خورئاوای فوڕات، بەرگرییەكی گەورەو شەڕێكی بێ وێنە دەكەن."
جەختیشی كردۆتەوە كە هێزەكانی هەسەدە باجەكەی هەرچی بێت لەدژی ئەو هێرشانە دەوەستنەوەو نابێت هیچ كەسێك لەمبارەیەوە گومانی هەبێت.
هەسەدە داواشی لە هەموان كردوە كە لەسەر بنەمای چەكهەڵگرتنی گشتی بجوڵێنەوەو پەیوەندی بكەن بە ریزەكانی هەسەدەو هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆوەو وتوشیەتی"داوامان لە گەلەكەمان ئەوەیە كە شان بەشانی یەكدی بوەستن لە بەرەكانی پاراستن و بەرگریكردن لە گوندو شارو تەواوی ناوچەكەیاندا."
هەسەدە هەروەها بەتایبەتی داوای لە گەنجانی كردوە كە بچنە ریزەكانی هێزەكانیان و ریزەكانی هێزەكانی یەپەگەو یەپەژە.
فەرماندەیی گشتی هەسەدە راشیگەیاندوە "ئەم شەڕەی ئێستا شەڕی كەرامەت و مرۆڤایەتی و شەڕێكە لەپێناو پاراستنی سەرجەم بەها مرۆییەكان و ئازادی لەدژی زیهنیەتی تاریكی داعش و ئەردۆغان."
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە پێمانوایە بە پەیوەستبونی كارای گەنجەكانمان بە ریزەكانی هەسەدەوە، دەتوانین ئەم هێرشانە پوچەڵ بكەینەوەو شكست بە پیلانی داگیركەری توركی و بەكرێگیراوەكانی بهێنین.