لێدوانی سودانی لەبارەی موچەی هەرێمی كوردستان
  2024-12-04       2469       

بەپێی قسەی سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران لەبارەی نەناردنی موچەی هەرێمی كوردستانەوە وتویەتی، ئێمە پابەند بە بڕیاری دادگای فیدراڵی موچەمان بۆ هەرێم ناردوەو لە پشكی هەرێمی كوردستان هەر ئەو 763 ملیار دینارانە ماوە كە بڕیارمان لێداوە.

ئاوێنە: سۆران عومەر، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران بەئامادەبونی سەرۆک وەزیران و وەزیرانی دەرەوەو ناوخۆو پلاندانان، نامەیەكم بەدەستی دایە سەرۆک وەزیران دواتریش لەموداخەلەیەکدا، داوای وەڵامم لێکرد دەربارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، کە کێ بەرپرسە لە نەناردنی موچەی فەرمانبەران؟ هەرێم دەڵێ حکومەتی عێراقی هۆکارەو ئەوان پابەندی سەر هەرێمیان جێبەجێ کردوە."

سۆران عومەر وتوشیەتی، سەرۆک وەزیران محمد شیاع سودانی لەوەڵامدا وتی مەسەلەی موچە هیچ بابەتێکی سیاسی نییە، پێشتر هەرێم بەهیچ مادەو بڕگەیەکی بودجەوە پابەند نەبوە، پاش دەرچونی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پابەندین بەبڕیاری دادگای فیدراڵی و موچەمان ناردوەو هەر بەپێی بڕیارەکە لەپشکی هەرێم 12.67% هەر ئەو 763 ملیار دینارانە ماوە کە بڕیارمان لێ داوەو هیچ گواستنەوەیەک ناکرێ لەپشکی هەرێم دا.

بەپێی قسەی سۆران عومەر، سودانی وتوشیەتی، هەرێم پابەند نەبوەو ناکۆکی زۆرە لەسەر دەروازەی سنوری و باج و داهات، بەڵکو ئەم هەموارەی یاسای بودجە لەسەر تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت بابەتەکە چارەسەر بکات بۆ ساڵی داهاتو.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×