دژی پێنەدانی مووچە داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەكرێت
  2024-12-12       398       

سەرۆكی ڕێكخراوی كەمئەندامان داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەكات، كە ڕۆژی شەممەی داهاتوو بڕژێنە سەر شەقامەكان و داوای مافی خۆیان بكەن، دەشڵێت: كەمئەندامان ماوەی ٧٢ ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتو، لە ماڵێكی سارد و سڕ و برسێتی ژیان بەڕێدەكەن.

ئاوێنە: سامان حسێن سەرۆكی ڕێكخراوی كەمئەندامان سەبارەت بە پێنەدانی مووچەكانیان لەلایەن حكومەتی  هەرێم و خراپی ژیانیان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، ماوەی ٧٢ ڕۆژە كەمئەندامان هاوكارییەكەی حكومەتەكەیان وەرنەگرتووە و كە تەنیا ١٠٠ هەزار دینارە، دەشڵێت: كەمئەندامان لە ماڵێكی سارد و سڕ و بە برسێتیەوە ژیان بەڕێدەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو حكومەتەی باسی خاك و نیشتیمان دەكات، ڕۆژانە سووكایەتی بە خەڵك و شكاندنی تاكی كورد دەكات و كەمئەندامان دەكەنە قوربانی ململانێی سیاسی خۆیان، باسی حكومڕانیەك دەكەن كە كارەبا، ئاو و نەوت نییە، دڵمان بەكامە حكومڕانی خۆش بێت، لەكاتێكدا پارە هەیە و دەتوانن دابەشی بكەن، بەڵام دابەشی ناكەن.

سەرۆكی ڕێكخراوی كەمئەندامان دەشڵێت: داوا لە هەموو فەرمانبەر و مامۆستایان دەكەم، كە بەیەك دەنگ ڕۆژی شەممەی داهاتوو بڕژێینە سەر شەقامەكان و داوای مافی خۆیان بكەن.

بە هۆی ئەوەی ماوەی ٧٢ ڕۆژە حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم مووچەی دابەش نەكردووە، فەرمانبەران بەگشتی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بەتایبەتی لە دۆخێكی سەختی ژیانكردندا دەژین، هەروەها لە كۆتا كۆبوونەوەی حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمیشدا مەسرور بارزانی بڕیاریدا مووچە دابەش نەكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×