هیومان ڕایتس وۆچ ڕایدەگەیەنێت، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کوردو هاوڵاتی سوری لەحەلەب لەباکووری ڕۆژئاوای سوریا بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد (هەسەدە) لەباکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵاتوون. شاری حەلەب لەچەند هەفتەی ڕابردوودا، لەسەروبەندی ڕوخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، بووەتە گۆڕەپانی پێکدادانەکانی نێوان هەسەدەو گروپە چەکدارەکانی سوریا.
ئاوێنە: بەپێی ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، پەنابەران بەهۆی نەبوونی شوێنی حەوانەوە، ئاو، خۆراکو چاودێری تەندروستی پێویست، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی ناخۆش بوونەتەوە.
هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێن ئاوارەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتیانی سوری لەسوریا "قەیرانی درێژخایەنی مرۆیی" لەرۆژئاوای کوردستان دروستکردووە.
هەروەها داوا لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات ڕێگە بدەن بە تێپەڕبوونی کورد لەحەلەب بەسەلامەتیو گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بەخەڵکی مەدەنی هەڵهاتوو.
ڕۆژی چوارشەممە ٧ی کانونی یەکەم، گروپە چەکدارەکانی دژبەری بەشار ئەسەد توانیان لەهێرشێکی لەناکاودا شاری حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەت دەربهێنن و دوای ئەوەش بە خێرایی ناوچەکانی دیکەی سوریایان کۆنترۆڵکرد.
لەساڵی ٢٠١١ەوە کاتێک ناڕەزایی دژ بەئەسەد لەسوریا سەریهەڵدا، دوو گەڕەکی ناو حەلەب کە کوردنشین بوون (ئەشرەفیەو شێخ مەقسود)، بەدەست یەکینەکانی پاراستنی گەلو هەسەدەوە بوون، بەڵام دوای روخانی ئەسەد ئەو کوردانەی نیشتەجێی حەلەب رووبەڕووی شەڕو دەرکردنو راگواستنی زۆرەملێ بوونەتەوە.