2024-12-13   466     
هەریەک لە ڕیکخراوی هیومان رایتس وۆچ و ڕێکخراوی یەزدا لەپەیامێکدا رایدەگەیەنن کە سەرکۆنەی ئەو شەپۆلی گوتاری رق و کینەیە دەکەن کە لەمانگی ئابدا لە هەریەک لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان کۆمەلگەی ئێزیدی بەئامانج گرتووە، جەختیش دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە زۆر نیگەرانن لەو کار و کردەوانەی هەڕەشە لەو ئاسایش و سەلامەتییە دەکات کە کۆمەڵگەی عێراقی دەیەوێت پاریزگاریی لێ بکات.
ئاوێنە: لەپەیامەکەدا هاتووە: لە دەیەم ساڵرۆژی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لەلایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی لەعێراق و شام (داعش)، جارێکی تر ئێزیدییەکان لەعێراق رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی گوتاری ڕق و کینە و هاندان بۆ توندوتیژیی و دوژمنایەتیی و جیاکاریی بوونەوە. ئەم گوتارە بوونەتە هۆی هێرشگەلێک لەسەر ئینتەرنێت، سوکایەتیی، هەڕەشە، هاندان بۆ توندوتیژیی، بەشێوەیەک هەندێک لە نامەکان داوای جینۆسایدێکی دیکە دژ بە ئێزیدییەکان دەکەن.
هەروەک دەڵێت: ئەم هێرشانە کەشێکی ترسی لای کۆمەڵگەی ئێزیدی درووستکردووە کە هێشتا بەدەست شۆکی ئەو کۆمەڵکوژییەوە دەناڵێنێت کە داعش لەمانگی ئابی ساڵی 2014 دژیان ئەنجامیدا، بەشێوەیەک بەشێک لە ئێزیدییەکان لەڕێگای ڕێکخراوەکانەوە ترسی خۆیان لە هێرشی نوێ گەیاندووە و سەدان خێزانیش کامپی ئاوارەکانیان لە هەرێمی کوردستان جێهێشتووە و لەترسی هێرشی نوێ لە هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە بۆ شنگال.
ئەو دوو ڕێکخراوە جەختیان لەوەکردۆتەوە کە ئەگەر بێت و هۆکارە ریشەییەکانی ڕق و کینە و توندوتیژیی دژ بە کەمینە و کۆمەلگە رەسەنەکان لە عێراق لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکرێت، ئەوە وادەکات جارێکی تر رووبەرووی کارساتی تر ببنەوە.
لەکۆتاییشدا هەردوو ڕێکخراوەکە رایدەگەیەنن کە سەرکۆنەی گوتاری رق و کینە دەکەن دژ بە هەر گرووپێکی دینی و رەگەزیی و نەتەوەیی و بەتوندی دژ بە هەموو شێوەکانی پەڕگیریی دەوەستێتەوە، داواش لە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا دەکەن ڕێکاری خێرا و یەکلاکەرەوە بگرنەبەر بۆ دەسەتەبەرکردنی سەلامەتیی و هەموو گرووپە ئایینی و ئیتنیکییەکان لە عێراق .