كەشناسی: سبەی باران دەبێت و لەم ناوچانەش بەفرێكی كەم دەبارێت
  2025-01-10       846       

كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات، سبەی شەممە لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم باران و لە ناوچە شاخاوییە سنورییەكانیش بەفرێكی كەم ببارێت و پلەكانی گەرماش چەند پلەیەك نزم ببنەوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و پلەکانی گەرماش نزیك دەبن لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی شەممە، ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ نمە باران لە هەندێك ناوچە دەبارێت پاشان لە شەودا كاریگەری دابارین زیاد دەكات و نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەكان دەبارێت بەتایبەت لە سنوری پارێزگای دهۆك و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی سۆران و ڕاپەڕین. هەروەها پێشبینی بارینی بەفرێكی كەم دەكرێت لە ناوچە شاخاوییە سنورییەكان.

ئاماژەی بەوەشداوە، سبەی پلەكانی گەرما، 2 تا 4 پلە نزمتر دەبن لە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 14، سلێمانی: 12، دھۆک: 15، کەرکوک: 17، ھەڵەبجە: 12، زاخۆ: 15، گەرمیان: 17 پلە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×