تەیف سامی بڕیاری کۆتاییی لەبارەی مووچەی مانگی ١٢ەوە دەدات
  2025-01-11       3758       

وەزیری دارایی عێراق لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا رایگەیاندووە، لە ٢٠٢٤دا مووچەی ١٢ مانگی بۆ هەرێم ناردووە، "بۆیە هیچ بڕە پارەیەكی تر نانێرم، سەبارەت بە چارەنوسی مووچەی ئەو مانگە تەیف سامی رادەستی لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراقی كردووە.

ئاوێنە: لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ بە میوانداریی (تەیف سامی) وەزیری دارایی فیدراڵ كۆبووەوە. ئامانجی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن دەربارەی هەمواری ماددەی ١٢ بڕگەی دووەم/ج لە یاسای بودجەی گشتی، کە تایبەتە بەتێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتی لیژنەی دارایی بۆ خوێندنەوەی دووەم لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەدا.

سەبارەت بە چارەنوسی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٤ی مووچەخۆرانی هەرێم لە وەزیری دارایی فیدراڵ كرا. لەوبارەیەوە عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە سەربە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالكییە، دوای كۆبوونەوەکە قسەی بۆ میدیاكان كردە و وتویەتی "دڵنیایی بە هەموو فەرمانبەران دەدەن كە مووچەی هەموو فەرمانبەران لەسەرتاسەری عێراق بەتەواوی زامنكراوە و بارودۆخی ئابووری زۆر باشە".

عەتوانی ئاشکراشیکرد "دەنگۆكان راست نین، دۆخی داراییمان زۆر باشە، نرخی نەوت لەوە زیاترە كە پێشبینی كرابوو، جگە لەمە داهاتی نانەوتیش زیادیكردووە، پارەداركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش بەردەوامە، بەڵام چەند خاڵێكی ناكۆك هەیە، لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە جیاوازییەكانی تەرازووی پێداچوونەوە لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان".

لای خۆشیەوە جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە فراكسیۆنی یەكگرتوو لێدوانی جیاوازتر دەدات و لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەكە دەڵێت "پرسیاری مووچەی مانگی ١٢ی مووچەخۆرانی هەرێم لە تەیف سامی كرا، ئەو وتی؛ لە ٢٠٢٤دا مووچەی ١٢ مانگی ناردووە و ئەگەر بڕیارێك لەوبارەیەوە نەدرێت هیچ پارەیەکی تر نانێرم".

جێی ئاماژەیە، وەزارەتی دارایی عێراق لە راپۆرتی خۆیدا بڵاویكردەوە، لە ساڵی ٢٠٢٤ بڕی  ترلیۆن و ٩٠١ ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە بەبێ ئەو ٤٤١ ملیار دینارەی كە بۆ مووچەی مانگی ١٢ ناردوویەتی.
 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×