مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەبارەی كۆبونەوەكەی دوێنێی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا جەختمان لە یەكهەڵوێستیی كورد لە سوریا كردەوە.
ئاوێنە: مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، ئەمڕۆ هەینی، لە پەیامێكدا لە تۆڕی ئێكس وتی، كۆبونەوەكەمان لەگەڵ مەسعود بارزانی جێی دڵخۆشی بو.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لە كۆبونەوەكەدا "گفتوگۆمان لەبارەی ئەو پڕۆسەی گۆڕانكارییە كرد كە سوریای پێدا تێپەڕ دەبێت و پێكەوە جەختمان لەوە كردەوە كە دەبێت هەڵوێستی كوردان لە سوریا یەك بێت و دەبێت دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق بەشێوەیەكی ئاشتیانە مافەكانی گەلی كورد بپارێزێت."
فەرماندەی گشتی هەسەدە وتویەتی، هەروەها جەختمان لەوەش كردەوە كە گرنگی یەكێتیی كورد و سەقامگیری ناوچەكە بەگشتی، بەرپرسیارێتی هەمومانە و لەوەدا هاوكاری یەكتری دەبین.