وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی كاربەرێكەری هەرێمی کوردستان ئاگاداری وەزارەتی ناوخۆی کردووە، هەموو ئەو هێزانەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆن بەگوێرەی یاسای راژە و خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ ژمارە 18ـی ساڵی 2011 خانەنشین دەکرێن.
ئاوێنە: بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەکاتی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014 بۆ هاوتاکردنی مووچە و خانەنشینیی فەرمانبەران هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ تەمەنی خانەنشینی دەگەڕێنەوە سەر ئەو یاسایەی تایبەت بە خۆیانە.
بەپێی یاسای خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کارمەندانی ئەو هێزانە دەتوانن لە تەمەنی 45 ساڵی داوای خانەنشینبوون بکەن، بەڵام دەبێت 15 ساڵ خزمەتیان هەبێت، لەکاتێکدا بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، فەرمانبەرانی شارستانی دەبێت تەمەنیان بگاتە 50 ساڵ و 20 ساڵ خزمەتیان هەبێت ئەوکات دەتوانن داوای خانەنشینبوون بکەن.
جێی باسە حکومەتی كاربەرێكەری هەرێمی کوردستان بە فەرمانێک کە لە رۆژی 15ـی کانوونی یەکەم دەریکردووە، بریاریداوە بۆ تەمەنی خانەنشینکردنی فەرمانبەران کار بە یاسای ژمارە نۆی ساڵی 2014 یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو بکات.