ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا-ئەنەكەسە رایگەیاند، نەبونی نوێنەرایەتی كورد لەو لیژنەیەی كە پێكهێنراوە تا ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی بكات، پێشێلكردنی بنەمای فرەیی سیاسی و نەتەوەییە لە سوریاو داواش دەكات ئەو پێشێلكارییە راستبكرێتەوە.
ئاوێنە: سكرتاریەتی گشتیی ئەنەكەسە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەنەكەسە پێی وایە ئەو لیژنەیەی كە رۆژی 11ی ئەم مانگە پێكهێنرا بۆ ئەوەی ئامادەكاریی بۆ دیالۆگی نیشتمانی بكات دەبو رەنگدانەوەی واقیعی فرەیی سیاسی و نەتەوەیی بوایە لە سوریاو گەرەنتی نوێنەرایەتی راستەقینەی سەرجەم پێكهاتە نیشتمانییەكانی بكردایە، ئەوەش لەڕوانگەی گرنگیی ئەو بنەمایە لە سەرخستنی هەر پڕۆسەیەكی دیالۆگدا كە ئامانج لێی دۆزینەوەی چارەسەری جددی بێت بۆ كێشەكانی سوریا.
ئەوەشی خستۆتەڕو، نەبونی نوێنەری كورد لە لیژنەكەدا پێشێلكردنی ئەم بنەمایەیەو نیگەرانی رەوا دەهێنێتە ئاراوە لەبارەی شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی سوریا وەك هاوبەشی راستەقینە لە رەنگڕێژكردنی داهاتوی وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەوان داوا دەكەن ئەو پێشێلكارییە راستبكرێتەوە لەڕێگەی پێداچونەوە بە پێكهاتەی لیژنەكەو گەرەنتیكردنی بەشدارییەكی دادپەروەرانەو كارا بۆ گەلی كوردو سەرجەم لایەنەكانی دیكە، بەشێوەیەك كە ببێتە مایەی بونیادنانی دیالۆگێكی نیشتمانی گشتگیری پشتبەستو بە نوێنەرایەتییەكی هاوسەنگ و پابەندبون بە شەراكەتی نیشتمانی.