ترەمپ ڕێککەوتنێکی ٦٠٠ ملیار دۆلاریی لەگەڵ سعودیە واژۆ کرد
  2025-05-13       192       

ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا و شازادەی جێنشینیی سعودیە ڕێککەوتنێکی هاوبەشیی ئابووریی ستراتیژییان لە ڕیاز واژۆ کرد، لەمەودوا سعودیە بە بەهای ٦٠٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەکات.

ئاوێنە: کۆشکی سپی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ شازادەی جێنشینیی سعودیە، لە ڕیازی پایتەختی سعودیە، ڕێککەوتنێکی ٦٠٠ ملیار دۆلارییان واژۆ کردووە

کۆشکی سپی لە ڕاگەیاندراوێکدا لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە دەڵێت: “ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە ئابوورییانەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەردەوام دەبن و ئاسایشی وزە، پیشەسازیی بەرگری، پێشەنگایەتیی تەکنەلۆژی، هەروەها دەستڕاگەیشتنمان بە ژێرخانی جیهانیی و کانزا گرنگەکان بەهێزتر دەکەن.”

کۆشکی سپی باس لەوە دەکات، ئەو ڕێککەوتنەی واژۆکراوە “مێژووییە و گۆڕانکاریی گەورە بۆ هەردوو وڵات دەهێنێت، هەروەها نوێنەرایەتیی سەردەمێکی زێڕینی نوێی هاوبەشی دەکەن لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و عەرەبستانی سعودیە.”

هەروەها دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، کە سعودیە بەڵێنی داوە ٦٠٠ملیار دۆلار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەبەرهێنان بکات، بە شێوەیەک کە پەیوەندییە ئابوورییەکان بۆ چەندین نەوە بەردەوامی پێ دەدات.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×