2025-05-13   102     
محمد بن سەلمان و دۆناڵد ترەمپ
ئاسۆ عەبدولەتیف
ئەھا بیربکەنەوە لەدۆخی سەرۆک دۆناڵد تڕەمپ، ئەمڕۆ قاوەیەکی لە کۆشکی یەمامەی عەرەبستانی سعودیی، لای پادشا محمد بن سەلمان ڕەدکردەوەو قاوەیەکی دیکەی خواردەوە، ھەردوکی قاوەبوو بەڵام گوزارشتی قوڵی ھەبوو ئەم ھەڵبژاردنە، ئەوەی یەکەم بۆخۆتان و دوەم بۆ من، ترەمپ ئیلۆن ماسکی سەرمایەداری لەگەڵ خۆی خزاندبوویە ناو تیمەکەی، ماسک خۆی ئیمپراتۆری پارەو دۆلارە، تڕەمپ ئەو کاراکتەرەی لەگەڵ خۆی ھێنابوو بۆ گەشتەکەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عەرەبستان و کەنداو، ھێنابوی بۆ نازو نیعمەت و نەوت و پارەی کاش و بەلاش، ئێمەش کامەیان گەورەترین خێڵ و عەشیرەت و ھێزو سوپای ھەیە ئەوە دەکەینە وەزیرو دەیبەین بۆ وڵاتان.
کورد دەبێ بەوعەقڵ و لۆژیکە تازەوە سیاسەت بکات و گرنگی بەکارو سەرمایەو پیشەسازی نەوت و کانزاو ئابوری بدات بۆ کڕینی دەوڵەت و پایەکانی، کابینەیەکی شەش حەوت وەزیریی بۆ ھەرێم پڕ بەپێستیەتی بەڵام وەزیربن و گزیرنەبن، بڕیاردەربن و بچوک و گرگن نەبن، کاراو چالاک بن، سەرمایەداربن و چاولەدوای موچەو خانەنشینی نەبن، ئیتر کاتیەتی وەبەرھێنان بکەن لە نەوت و پارەو سەرمایەی نیشتیمانی ئەم وڵاتەدا، سەدەیەکە خەبات دەکەین و قسەدەکەین و دەیڕێسین بە شێوازی فەلسەفی و تیۆری و حیزبی و ئەدەبی و ئایدۆلۆژیی جۆراوجۆرو دادی نەبوو، بەراستی شەرمە کورد ئەو ھەموو بیرە نەوتەی ھەیەو کەچی گلەیی لەدوژمنەکانی بکات، گازندا لە فارس و عەرەب و تورک بکات کە دەوڵەتیان بۆ دروست نەکردین، ئیدی ھیچ لاوانەوەو سۆزداری و مێژوویەکی خوێناویی بەکەڵک ناخوا، دەوڵەتت دەوێ دەبێ بەھاو کاریزماو پارەو سەرمایەت ھەبێ و پارەبدەی بۆ کڕین و بنیادنانی، پارەبدەی بۆ مانەوەی، پارە بدەی بۆ ھاوسەنگی، دەبێ خۆت دەوڵەمەند بکەیت و سەفەقات و بەرژەوەندیی گەورە بخەیتە بەردەم نەھەنگەکانی سیاسەت، لەبری ئەوەی بەدەم توتیە بچوکەکان و خێزانە ئەرستۆکراتەکانی ئەوروپاوە پێبکەنن و پێشوازی شاھانەتان لێ بکەن کە سودێکی نیە بۆ دەوڵەتسازیی، دەی بەئاگابێن و وەرن تۆڕی گەورە ھەڵبدەن بۆ ترەمپ و نەھەنگە گەورەکانی دەریا، واز لەو دیبلۆماسیەتە نەزۆکانە بھێنن لێرەو لەوێ، واز لەو لۆبی و مارکێتینگە ئاستنزمانە بھێنن، چیتر ھۆتێلی پێنج ئەستێرە بۆ رەمزی ئەکادیمی و سیاسی بچوک مەگرن و مەیانکەن بە وەھم و ھالەو کەڵەگای ڕۆژگار، وەرن یاری بکەن بە نەوت و ئیکۆنۆمی و کریدیتی ژێر زەوی کوردستانەکەتانەوە، بەسیەتی گەندەڵی و بەھەدەردان و کات درەنگی کرد، کاتی وەبەرھێنانی عەقڵانیە بەرەو بنیادنان و ئابوری گەورەو سەفەقات و نەوت و فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتی بەرامبەر بە کڕینی دەوڵەت ھیچ نەبێ جارێ وەرن پایەیەکی بکڕن.
کورد ئەگەر دەوڵەتی دەوێ نابێ ئیتر ئەوەندە ملکەچانە خۆی بچوک بکاتەوە ھەمیشە لەھێڵی بەرگری و پاڕانەوەدا بێت، دەبێ دۆخی دەرونناسیانەی ستەمکاری سایکس بیکۆو لۆزان و سەعدئابادو جەزائیرو شۆڕشە خوێناویەکان تێپەڕبکات بەرەو سەقامگیریی دارایی و بانکی و ئابوری نەوتی و دەوڵەتیانە لە جیھاندا، وزەو گازە سروشتیەکەی بەھەدەر نەدات بۆ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت، تا فۆڕمۆڵەی سیمایەکی حکومەتداری ڕاقی پێ بکات.
ئەمریکاو چین سەرباری ئەوەی ئیمپراتۆری زەبەلاحی جیھانن و خاوەنی نەھەنگە گەورەکانی ئابوری بازاڕو دۆلارو پیشەسازین، کەچی لەم خاک و خۆڵەی کوردستان و ئەو بیابانە وشکەی عەرەب و ئەو زەویە بەپیتانەی ئەفریقای ڕەشدا خەریکی دۆزینەوەی ڕێگا تازەکانی بازرگانین، بەرەو کان و خان و بیرو سەرچاوە گازیەکان و نەختینەو دراوی زەمانکراو، کێ ھەیەتی کڕیارێکی باشن بۆی کێش نییەتی و خەریکی پیشەسازی چەکبازیی و دیبەیت و ئایدۆلۆژیاو کتێب و زانکۆن، یان برسین یان بێبەرین لەو باوکە قازانجویستەو ئەبێ سەدساڵی تر ڕابکەن بەشوێن دەوڵەتدا.