رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، لەبارەی شێوازی چەكدانانی پەكەكە، قسە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەغدا و هەولێر دەكەن.
ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ شەممە، لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەلبانیا، لەنێو فڕۆکە سەبارەت بە شێوازی چەكدادانی پەكەكە وتی ''سەبارەت بە چۆنییەتی رادەستکردنی چەکەکان، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دراوسێکانمان گفتوگۆ دەکرێت. هەندێک پلان هەن سەبارەت بەوەی ئیدارەی بەغدا و هەولێر چۆن رۆڵیان لەم پرۆسەیەدا دەبێت''.
ئەردۆغان جەختیشی كردەوە كە "دەبێت چەکەکان بنێژرێن. دەبێت رێکخراوەكە بەتەواوی چەکەکانی دابنێت و بڕیاری خۆهەڵوەشاندەوە جێبەجێ بکات''.
هەروەها لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە وتی: ''یەکەکانی ئاسایشی وڵاتمان، لەمەودوا چاودێری کار و چالاکییەکانی پەیوەست بە خۆهەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکانی رێکخراوەکە (پەکەکە) دەکەن''.