دوای ئەوەی بڵاوكرایەوە كە گەنجێك بەناوی زەكەریا خدر، بەهۆی راوێژكردن بە ژیریی دەستكردو بەكارهێنانی دەرمانی هەڵە گیانی لەدەستداوە، زانكۆی سەڵاحەدین لەزاری باوكی ناوبراوەوە ئەو بانگەشەیە رەتدەكاتەوە.
ئاوێنە: زانكۆی سەڵاحەدین، ئەمڕۆ دوشەممە، رونكردنەوەیەكی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی زەكەریا سەلمان بڵاوكردەوە كە گوایە دوای ڕاوێژکردن بە ژیری دەستکرد و بەکارهێنانی جۆرە دەرمانێک گیانی لەدەستداوە.
زانكۆكە وتویەتی، زەکەریا سەلمان قوتابی قۆناغی دوی بەشی ڕوپێوان و نوێنەری قوتابییانی بەشەکەی خۆی بو لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەدین، دوای بەدواداچون و قسەکردن لەگەڵ (مام سەلمان خدر) کە باوکی خوالێخۆشبوە، جەنابییان ڕەتیکردوە کوڕەکەیان بە هۆکاری ڕاوێژکردن بە ژیریی دەستکرد و خواردنی دەرمانی هەڵە کۆچی دوایی کردبێت.
بەپێی رونكردنەوەكەی زانكۆی سەڵاحەدین، مام سەلمان وتوشیەتی، کوڕەکەی من جاروبار زەختی دادەبەزی و ئێمەش بۆ نۆڕینگە دەمانبرد و چاک دەبویەوە، بەڵام ئەمجارە زەخت دابەزینەکەی بوە هۆکاری کۆچی دوایی کوڕەکەم.