عیزەت شابەندەر بە نوێنەرایەتی سودانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع كۆبوەوە
  2025-06-09       431       

عیزەت شابەندەر، نێردەی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سوریا، لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری ئەو وڵاتە كۆبوەوە.

ئاوێنە: سەرۆكایەتی كۆماری سوریا، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریا، لە كۆشكی گەل لە دیمەشق پێشوازی كرد لە عیزەت شابەندەر، نێردەی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سوریا.

سەرۆكایەتی كۆماری سوریا و لایەنی عێراقی هێشتا زانیاریی زیاتریان لەبارەی كۆبونەوەكە نەخستۆتەڕو.

عیزەت شابەندەر یەكێكە لەو كارەكتەرە سیاسییانەی شیعەی عێراق كە لەدوای كەوتنی رژێمەكەی ئەسەد ستایشی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریای كرد.

شابەندەر لە چاوپێكەوتنێكدا وتبوی، لە منداڵییەوە ئەحمەد شەرع  دەناسێت و كاتێك ماڵی لەناوچەی (مەزە) بوە لە دیمەشق لەگەڵ ماڵی باوكی ئەحمەد شەرعدا نزیكی یەكتر بون و ئەو قسانە راست نین كە دەڵێن ئەحمەد شەرع ئەسڵ و فەسڵی نییە.

هەروەها محمد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێچەوانەی بەشێك زۆری لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران لە هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكاندایە لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق و جارێك لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە بەنێودەنگیری قەتەر لە دەوحەی پایتەختی ئەو وڵاتە كۆبوەتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەحمەد شەرع بەهۆی هەڕەشە و ناڕەزایەتی لایەنە شیعەكانی عێراقەوە بەشداری لە لوتكەی ئەم دواییەی كۆمكاری عەرەبی نەكرد لە بەغدا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×