هاوڵاتییەکی کورد لە مەریوان لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستگیر کرا و چارەنووسی نادیارە
  2025-06-26       434       

ئەیووب داربەرزین، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەریوان، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۲ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، ئەیووب داربەرزین، ڕاهێنەری بواری لەشجوانی تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارە، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ناوبراو زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەیووب داربەرزین تەنیا چەند کاتژمێر دوای بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لەسەر شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بانگ و دواتر دەستبەسەر کرا.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە کوردە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×