خامنەیی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل: وەڵامی هەر هێرش و دەستدرێژییەک دەدەینەوە
  2025-06-26       296       

ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی خامنەیی،  یەکەم پەیامی ڤیدیۆیی لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران-ئیسرائیل بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ سەرکەوتنمان بەسەر ئەمریکا پیرۆز دەکەم کە بە هۆی ئەوەی هەستیکرد قەوارەی زایۆنی بەتەواوی لەناودەبرێت، دەستوەردانی کرد.

ئاوێنە: عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند: “ئەمریکا هیچ دەستکەوتێکی بەدەستنەهێنا لەم جەنگەدا، گورزێکی توندمان لێوەشاند و سەرکەوتین”.

ڕاشیگەیاند، گەلەکەمان کەسایەتی خۆی پیشانیدا و سەلماندی کە لە کاتی قەیرانەکاندا یەکگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، قەوارەی دروستکراوی زایۆنی لەژێر گورزە چاوەڕواننەکراوەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەیناڵاند.

هەروەها دەڵێت: “توانیمان دزەبکەینە ناو سیستمی بەرگری دوژمنەوە و پێگە سەربازییەکانی لەبەردەم مووشەکەکانماندا ئاشکرابوون”.

خامەنیی دووپاتیکردەوە کە “دەبێت قەوارەی زایۆنی بزانێت هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، باجی قورسی دەبێت”.

وتیشی: “ئەمریکا بۆ ڕزگارکردنی قەوارەی زایۆنی ڕاستەوخۆ دەستوەردانی کرد، بەڵام هیچ دەستکەوتێکی بەدەست نەهێنا”.

سەبارەی بە هێرشەکانی سەر بنکە ئەتۆمییەکان عەلی خامنەیی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زێدەڕەوی کرد لە گەورەکردنی قەبارەی هێرشە ئەمریکییەکە، بەڵام خۆی ڕاستییەکە دەزانێت..ئەوانەی هێرشەکەی ئەمریکایان گەورە کرد، هەر ئەوانە بوون کە لە بایەخی هێرشەکانی ئێمەیان بۆ سەر بنکەکەی ئەمریکا کەم کردەوە، بەڵام هەر هیرشێکی دیکەمان بکرێتە سەر بە بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا وەڵامی دەدەینەوە.

سەبارەت بە داواکارییەکی ترەمپ بۆ خۆڕادەستکردنی ئێران، خامنەیی ڕایگەیاند، ئێران خۆی ڕادەست ناکات و شتی وا ڕوو نادات، داوای لەو جۆرەش قسەی پووچە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×