فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی دەستگیركردنی خۆپیشاندەران لە سلێمانی رایگەیاند، "بەداخەوە لە کاتێکدا دو مانگە موچە دابەشنەکراوە، لیژنەی ئەمنی سلێمانی سەرەتاییترین مافی بە خەڵک ڕەوا نەبینی".
ئاوێنە: فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا لە ژێر ناونیشانی "دژ بە ڕەشبگیری و پێشێلی مافی مرۆڤ لە سلێمانی" رایگەیاند، "بەداخەوە لەکاتێکدا دومانگە موچە دابەشنەکراوە، فەرمانبەران و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی لە دۆخێکی دارایی و دەرونی دژواردا دەژین، لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی بە ڕاگەیەندراوێک رۆژی 24ـی 6ـی 2025، سەرەتایترین مافی بە خەڵک ڕەوا نەبینی و وتی، ئێستا گونجاو نییە بۆ خۆپیشاندان."
ئەوەشی خستۆتەڕو"بەوهۆیەوە موچەخۆران و چالاکوانانی مەدەنی بڕیاریاندا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر دۆخەکە گردببنەوە، بەڵام بەداخەوە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، لە دو ڕۆژی ڕابردودا بە شێوەیەکی نا مەدەنی و نا یاسایی، رەشبیگرییان دەستپیکرد و دەیان کەس لە مامۆستا، چالاکوانی مەدەنی، ئەندامی پەرلەمان، میدیاکار، چالاکوانی سیاسی و ئەندامانی پارتەسیاسیەکان دەستگیرکراون، کە بەشێکیان تەنها نییەتی خۆپیشاندانیان هەبوە و بەشداریان نەکردوە."
ئاماژەی بەوەشکردوە، "میدیاکاران تەنها بە ئەرکی پیشەیی چون بۆ ڕوماڵ و پێشێلی هیچ یاسایەکیان نەکردوە، ئەمە جگە لەوەی دوێنی 25ـی 6ـی 2025، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی رایانگەیاند 11 کەسیان بە یاسایی ڕێکخستنی خۆپیشاندان، ژمارە (11)ی ساڵی (2010) ماددەی (10) دەستگیرکردوە، لە کاتێکدا یاساکە تەنها پۆلیسی ڕاسپاردوە بەجێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نەک ئاسایش و هیچ دەزگایەکی تری ئەمنی."
هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، "ئەم هەڵمەتە نامەدەنیانەیە بە تەواوی پێچەوانەی هەمو یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە، لە هەمانکاتدا پێچەوانەی دروشمەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، کە بەرپرسی ئەو دەزگایانەی ئەندامی ئەون و پارتی دەسەڵاتداری ئەم ناوچەیەیە."
فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دوپاتیشی دەکاتەوە، "ئێمە وێرای ئیدانەکردنی توندی ئەم هەڵسوکەوتە نا مەدەنی و نا یاساییە، پارێزراوی گیانی هەمو دەستگیرکراوان و دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو هاوڕێیانەمان کە لە زیندان ماون، دەخەینە ئەستۆی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی و داواکاریشین کۆتایی بە دۆخی سەربازیکراوی شاری سلێمانی بهێنن."