سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان بە توندی سەركۆنەی هەڵمەتەكانی دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان و چالاكوانی مەدەنی و سیاسی لە سلێمانی دەكات، پێشوازی لە ئازادكردنی تیمەكانی راگەیاندن و كۆمەڵێك لە چالاكوانان دەكات و داوادەكات دەستبەجێ هەمو راگیراوان لە دۆسیەی خۆپیشاندانەكە ئازاد بكرێن.
ئاوێنە: سەنتەری میترۆ، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە بەیانی ئەمڕۆوە لە شەقامی سالمی سلێمانی و كۆڵانەكانی، بە مەبەستی رێگرتن لە چالاكییەكی مەدەنی، هێزە ئەمنییەكان، دەستیان كرد بە دەستبەسەركردنی نایاسایی، تیمەكانی راگەیاندن و ئەو كۆمەڵە چالاكوانەی كە نیازیان بوو لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوا خۆپیشاندان بكەن.
بەپێی راگەیەندراوەكەی سەنتەری میترۆ، ناوی تیمەكانی راگەیاندن كە ئەمڕۆ دەستبەسەركران و پاشان ئازاد كران، پێكدێن لە: پێشەوا نەوزاد ، نەبەز هیدایەت، هانا محمود، دژوار عومەر، سەركۆ حەمە فائق، محەمەد دڵشاد، شادۆست فەرهاد، كاروان عومران، سیروان علی، مەهران رەمەزان، نزار ستار، ژیلیا عەلی، ئیبراهیم ساڵح، ئەیوب عەزیز، محەمەد سەعدوڵا، حەسەن محەمەد، هۆشیار محەمەد، هێمن محەمەد.
سەنتەری میترۆ وتوشیەتی، هەرچەندە ئاسایشی سلێمانی پێی راگەیاندون كە هەمو تیمە راگیراوەكان ئازادكراون، بەڵام ئیدارەی كەناڵی سپێدە پێیان راگەیاندین كە تیمەكەیان (ئیبراهیم ساڵح و ئەیوب عەزیز) ئازاد نەكراون.
سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەداوە، 53 خۆپیشاندەر و 14 میدیاكار دەستگیركرابون، ئازادكراون، بەڵام 14 كەسی ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكە ئازاد نەكراون.
سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەشداوە كە بە توندی سەركۆنەی هەڵمەتەكانی دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان و چالاكوانی مەدەنی و سیاسی دەكەن، پێشوازی لە ئازادكردنی تیمەكانی راگەیاندن و كۆمەڵێك لە چالاكوانان دەكەن و داوادەكەن دەستبەجێ هەموو راگیراوان لە دۆسیەی خۆپیشاندانەكە ئازاد بكرێن.