دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بۆ پوچەڵكردنەوەی پلانگێڕییەك ناچار بوین ژمارەیەك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكەی سلێمانی دەستگیربكەین كە ئامانج لە دەستگیركردنیان پاراستنی گیانیان بوەو داوای لێبوردنیان لێدەكەین. دەشڵێت، ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانیش وەك هەمو موچەخۆرانی دیكە ناڕازین لە دواكەوتن و نەدانی موچەو دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەمو دەنگە ناڕازییەكان.
ئاوێنە: دەزگای ئاسشایشی هەرێم، كەمێك لەمەوبەر راگەیەندراوێكی لەبارەی دەستگیركردنی رێكخەرانی خۆپیشاندانەیكەی سلێمانی بڵاوكردەوە.
دەزگای ئاسایش وتویەتی"لە رۆژانی رابردودا بەوردی ئاگاداری پیلانێکی دەستێکی گێرەشێوێن بوین کە بەنیاز بون خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی سلێمانی وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیری پارێزگاکەمان و لەرێگەی گێرەشێوێنییەوە لەناو خۆپیشاندەران و داواکارانی هەق، مەرامە سیاسییەکانی خۆیان بەدی بهێنن."
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە "بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، بە داخەوە ناچاربوین لە دو رۆژی رابردودا ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەستگیربکەین کە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەکە نەبون و ئامانجی ئێمەش لە دەستگیرکردنیان تەنیا پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بو بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەبێتە قوربانی."
هەروەها وتوشیەتی"لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی ئێمە زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا کردوە، بەڵام بە پێویستی دەزانین داوای لێبوردنیان لێ بکەین و دڵنیایان بکەینەوە کە ئەم هەوڵەمان تەنیا بۆ پاراستنی خۆیان بوە و پاراستنی ئارامی شار."
دەزگای ئاسایشی هەرێم هێمای بۆ ئەوەش كردوە"ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیش وەک هەمو موچەخۆرانی بەڕێز ناڕازین لە دواکەوتن و نەناردنی موچە و دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەمو دەنگە ناڕازییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ژیانی هاوڵاتییانە و بە دڵنیاییەوە لەم بوارەشدا لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکەین."
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەنراوێک لە دەزگای ئاسایشی هەرێم
هاوڵاتییانی خۆشەویست و دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی.
پارێزگای سلێمانی هەمیشە مەڵبەندی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی خۆپیشاندان و ئازادیی کار و چالاکیی سیاسیی بوە و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیش شانازی بەوەوە دەکەن کە هەرگیز لە هیچ هەوڵێک درێخییان نەکردوە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی لە چین و توێژە جیاوازەکان.
وەک لە راگەیەندراوی پێشوماندا ئاماژەمان پێدابو لەم ماوەیەدا بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە زەمینە لەبار نییە بۆ خۆپیشاندان، ئێستاش بۆ بەرچاوڕونی زیاتر هاوڵاتییان و خەڵکی ناڕازی بەپێویستی دەزانین رایبگەیەنین لە رۆژانی رابردودا بەوردی ئاگاداری پیلانێکی دەستێکی گێرەشێوێن بوین کە بەنیاز بون خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی سلێمانی وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیری پارێزگاکەمان و لەرێگەی گێرەشێوێنییەوە لەناو خۆپیشاندەران و داواکارانی هەق، مەرامە سیاسییەکانی خۆیان بەدی بهێنن.
بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، بە داخەوە ناچاربوین لە دو رۆژی رابردودا ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەستگیربکەین کە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەکە نەبون و ئامانجی ئێمەش لە دەستگیرکردنیان تەنیا پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بو بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەبێتە قوربانی. لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی ئێمە زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا کردوە، بەڵام بە پێویستی دەزانین داوای لێبوردنیان لێ بکەین و دڵنیایان بکەینەوە کە ئەم هەوڵەمان تەنیا بۆ پاراستنی خۆیان بوە و پاراستنی ئارامی شار.
هاوڵاتییانی بەڕێزیش ئاگادار دەکەینەوە کە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیش وەک هەمو موچەخۆرانی بەڕێز ناڕازین لە دواکەوتن و نەناردنی موچە و دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەمو دەنگە ناڕازییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ژیانی هاوڵاتییانە و بە دڵنیاییەوە لەم بوارەشدا لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکەین. جارێکی دیکەش هەمو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە سلێمانی وەک هەمیشە مەڵبەندی ئازادییەکان دەمێنێتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش پارێزەری ئازادی و سەربەستی هاوڵاتییانن.