ئێران كوژرانی فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاسدارانی پشتڕاست كردەوە
  2025-06-26       855       

فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، كوژرانی فەرماندەیەكی باڵای فەیلەقەكەی لە هێرشێكی چەند رۆژی رابردوی ئیسرائیلدا، پشتڕاست كردەوە.

ئاوێنە: راگەیاندنی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا پشتڕاستی كردەوە كە سەرلەشكر محەمەد سەعید ئیزدی ناسراو بە "حاجی رەمەزان"، لە بۆردومانێكی هێرشەكانی چەند رۆژی رابردوی ئیسرائیلدا كوژراوە.

محەمەد سەعید ئێزدی، فەرماندەیەكی باڵاو بەرپرسی "بەشی فەلەستین" بو لە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران. ئەو لە هێرشەكەی ساڵی رابردوی ئیسرائیلدا بۆ سەر كونسولخانەی ئێران لە دیمەشق رزگاری بوبو كە تێیدا چەند فەرماندەیەكی باڵای فەیلەقی قودس كوژران لەوانە محەمەد رەزا زاهیدی.

پێنج رۆژ لەمەوبەر، یسرائیل كاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاندبو، لە هێرشێكیاندا بۆ سەر شاری قوم، محەمەد سەعید ئیزدی كوژراوە، بەڵام فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران تا ئەمڕۆ هەواڵەكەی پشتڕاست نەكردبوەوە.

بڕیارە رۆژی شەممە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی محەمەد سەعید ئیزدی لەگەڵ فەرماندە كوژراوەكانی دیكەی سوپای پاسداراندا لە تاران بەڕێوەبچێت.

فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە، پاشان تەرمی محەمەد سەعید ئێزدی بۆ ماڵئاویی دەبریتەوە زێدی خۆی بۆ شارۆچكەی سونقوری سنوری پارێزگای كرماشان و دوای ئەوەش دەبرێتە قوم بۆ بەخاكسپاردنی.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×