بەپێی ڕاگەیاندراوی هەڵمەتی “سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان”، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٤٢٤ کەس لەسێدارەدراوە، پەسەندکردنی بڕیاری ئەم دواییەی حکومەت بۆ چڕکردنەوەی سزای لەسێدارەدان ئاماژەیە بۆ حکومەتێکی سەرکوتکەر.
ئاوێنە: هەڵمەتی “سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە هەفتەی ٧٥ـەمین هەڵمەتی خۆیدا دژ بە سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە ماوەی هەفتەیەکدا ١٧ زیندانیی کە یەکێکیان ژنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستا کۆی گشتیی لەسێدارەدراوەکان گەیشتووەتە ٤٢٤ کەس.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو سێ کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی ئازاد شوجاعی، ئیدریس عەلی و ڕەسووڵ ئەحمەد بە تۆمەتی سیخوری لەسێدارەدراون.
باس لەوەشکراوە، پەسەندکردنی بڕیاری ئەم دواییەی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری حکومەت بە مەبەستی زیادکردنی سەرکوت و چڕکردنەوەی سزای لە سێدارەدان بەتایبەتی دژی نەیاران و زیندانییانی سیاسی هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ڕەوتی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان، ئاماژەیە بۆ تەقینەوەی کۆمەڵگەیەک و بوونی حکومەتێکی سەرکوتکەر و ناشەرعی کە مافی ژیانی هاوڵاتییانی خۆی دەکاتە قوربانی بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی.
هەڵمەتی “سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، شەپۆلێکی بەرفراوانی دەستگیرکردن بە بیانووی سیاسی و ئەمنی دەستی پێکردووە و ترسی ئەوە هەیە زۆربەیان ڕووبەڕووی تۆمەتی قورس ببنەوە و لە مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بێبەش بکرێن.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە، ژیانی زیندانییانی سیاسی سزادراو بە سزای لەسێدارەدان لە هەموو کاتێک زیاتر لە مەترسیدایە، ئێمە لەگەڵ گەلی کورد و ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی سەرجەم زیندانییانی سیاسی دەکەین، هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببنە دەنگی زیندانییانی سیاسیی.
جێگای ئاماژەیە، هەڵمەتی “سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزرا، کە هەموو ڕۆژانی سێشەمەیەك ئەندامانی هەڵمەتەکە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن.