بنیامین نهتهنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتو گەشت بۆ واشنتن دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکە کۆدەبێتەوە.
ئاوێنە: بنیامین نهتهنیاهۆ لەمیانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕایگهیاند، "پێش ئەوکاتە هەندێک شتمان هەیە کە دەبێت تەواو بکەین، لەوانە ڕێککەوتنی بازرگانی، هەروەها شتی دیکە، کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران و کۆبونەوەی ئەمنی، کە لێرەدا ئاشکرای ناکەم".
نهتهنیاهۆ وردەکاریی لەبارەی ناوەڕۆکی سەردانەکە نەخستەڕو، جگە لەوەی دهڵێت، تاوتوێی ڕێککەوتنی بازرگانی دەکات.
سەردانەکەی نهتهنیاهۆ لە کاتێکدایە کە ترەمپ ئاماژەی بە ئامادەیی خۆی کردوە بۆ کەمکردنەوەی شەڕی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، کە پێدەچێت بابەتێک بێتە جێی سەرنجی دانوستانە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانیان.
ترەمپ هەینی ڕابردو ڕایگەیاند، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل، هاوپەیمانی ئەمریکا و حەماس لە کەرتی غەززە "نزیکە" و ڕەنگە "هەفتەی داهاتو" بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئێران ببێتە تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان لەدوای شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران.
ئەوە سێیەمین دیداری نهتهنیاهۆ دەبێت لەگەڵ ترەمپ لە واشنتن لەدوای گەڕانەوەی سەرۆکی کۆمارییەکان بۆ پۆستەکەی لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردودا.